٣٢ گوللە خومپارەی پووچەڵ نەکراوە لە پیرانشار دۆزرایەوە

17:08 - 5 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: ٣٢ گوللە خومپارە و بڕێکی دیکە لە کەرەستە و ئەدەواتی جەنگیی بە جێماو لە شەڕی ئێران و عێراق، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری پیرانشار دۆزرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج‌شەممە ٤ی جۆزەردان، لە گوندی سەروکانیی شاری پیرانشار، ٣٢ گوللە خمپارەی پووچەڵ نەکراوەی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق دۆزرایەوە.

ئەو گوللە خومپارانە لە شوێنێک بە ناوی\"گردشکانە\" دۆزراوەتەوە.

دۆزینەوەی ئەم پاشماوە مەترسیدارانەی شەڕی ٨ ساڵە لە کاتێکدایە کە؛ چالاکانی مەدەنیی ناوچە بەردەوام هۆشدارییان داوە کە بوونی ئەم کەرەستانە جێگەی مەترسی گیانییە بۆ هاووڵاتییان؛ وەک لە ڕابردووشدا بینراوە چەندین هاووڵاتی بەم هۆیەوە یان کەم ئەندام بوون یان گیانیان لە دەستداوە.

پێشتریش لە گوندی سەروکانیی سەر بە شاری بۆکان چەند گوللە خۆمپارەیەک لەلایەن خەڵکی ئەو گوندەوە دۆزرابووەوە.

گوندی \"سەروکانی\" لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی لاجان هەڵکەوتووە و کەوتووەتە سەر ڕێگای پیرانشار و گردەکشانە.