گوشار و هەڕەشەی ئیتلاعاتی مەهاباد بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی بەردەوامە

14:32 - 31 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری مەهاباد، گوشاری زیاتری خستووەتە سەر بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان و لەو پەیوەندییەدا، داوای ‌هێنانەوەی کوڕەکانیان کردبوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کردبوو و داوای هاوکاری لێکردبوون.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو بنەماڵانە، ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری مەهاباد، بە وەرگرتن و واژۆکردنی بەڵێنامە لە بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان، گوشاری زیاتری خستووەتە سەر بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان بۆ هێناوەی کوڕەکانیان.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، ئیتلاعاتی سپا، بە بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ڕایگەیاندووە یان کوڕەکانیان بهێنەوە ئێران و یان پێیان ڕابگەیەنن هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵن.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئیتلاعاتی سپای مەهاباد، بە بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ڕاگەیاندووە،کە دەبێ هەموو سەرەتای مانگ خۆیان بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری مەهاباد بناسێنن.

پێشتر لە حەوتووی ڕابردوو، ئیتلاعاتی شارەکانی مەهاباد، سەقز و پاوە گوشاریان خستبووە سەر بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان لەو پەیوەندییەدا، خوازیاری هێنانەوەی کوڕەکانیان لە حیزبە کوردییەکان بوون.

پاش دەسپێکردنی خەباتی نوێ حیزبە کوردییەکان بە تایبەتی حدکا، ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران گوشاری زیاتری خستووەتە سەر بنەماڵەی حیزبە کوردیەکان و هەروەها هەڕەشەی دەسبەسەرکرانیان لە بنەماڵەکان وەکوو بارمتە کردووە.