گوشارەکانی ئیتلاعات بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی کۆتایی نایە

15:26 - 27 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: گوشارەکانی ئیتلاعات لە کوردستان بۆ سەر چالاکانی سیاسی کورد و ئەندامانی بنەماڵەی حیزبە کوردییەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە حەوتووی ڕابردوودا، ئیتلاعاتی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، گوشاری زیاتریان خستووتە سەر بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان و لە نوێترین حاڵەتدا، ئیتلاعاتی شاری پاوە، هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی لە ئەندامانی بنەماڵەی حیزبە کوردییەکان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە: ئیتلاعاتی شاری پاوە، سەرەڕای بانگهێشتکردنی بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان، پێیان ڕاگەیاندوون، لە ئەگەری نەگەڕانەوەی کوڕەکانیان، کە ئەندامی حیزبە کوردییەکانن، لەگەڵ دەسبەسەرکردن بەرەوڕوو دەبنەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئیتلاعات هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی لە ئەندامانی بنەماڵەی حیزبە کوردییەکان، وەکوو بارمتە و گوشارێک بۆ سەر چالاکانی سیاسی کە ئەندامی حیزبە کوردییەکانن بەکار هێناوە.

ئەوە سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، کە پاش شەڕ و تێکەڵچوونی هێزەکانی سپای پاسداران و گرووپێکی چەکداری نەناسراوە لە \"سەردەرە\"ی شاری پاوە، گوشار بۆ سەر ئەندامانی بنەماڵەی حیزبە کوردییەکانی دەست پێ کردووە.

هەر لە پەیوەندییەدا،ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، بنەماڵەی یەکێک لە ئەندامانی حیزبە کوردییەکان لە شاری سەقز، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت کراوە و داوای هاوکارییان لێ کردووە.

پێشتریش، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەند کەسێک لە ئەندامانی بنەماڵەی حیزبە کوردییەکانی بانگهێشتی ئەو ئیدارە ئەمنیەتییە کردووە و داوای لێ کردوون، کە بچن کوڕەکانیان بهێننەوە، کە ئەندامی حیزبە کوردییەکانن.