گوشاری ئیدارەی ئیتلاعات لە سەر بنەماڵەی هاووڵاتییەک کورد خەڵکی شاری روانسەر

12:28 - 25 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری ڕوانسەر سەر بە پارێزگای کرماشان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری ڕوانسەر بە ناوەکانی \"حەمید حەیدەری\" تەمەن ٦٥ ساڵ و \"ئەیووب حەیدەری\"، تەمەن ٣٠ ساڵ، باوک و براکەی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عابید حەیدەری\" خەڵکی شاری ڕوانسەر و دانیشتووی وڵاتی سوئید، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ڕوانسەر، باوک و برایەکی عابید حەیدەری بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کردووە و داوای هێنانەوەی کوڕەکەیان بۆ ئێران کردووە، کە ماوەی ١٥ ساڵە لە وڵاتی سوئید نیشتەجێیە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەیان لەو دوو هاووڵاتییە کوردە کردووە، لە ئەگەری نەهێناوەی کوڕەکەیان بۆ ئێران، یەکێک لەو دوو هاووڵاتییە کوردە وەکوو بارمتە دەسبەسەر دەکرێن.