گوشاری ئیتلاعات بۆ مامۆستایانی ئایینی لەسەر جێژنی قوربان

14:51 - 30 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیتلاعاتی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ژماریەک لە مامۆستایانی ئایینی بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کردووە و هەڕەشە لێ کردوون، کە نابێت لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێژن بگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ٢٩ی گەلاوێژ، ئیتلاعاتی شارەکانی کوردستان، چەند مامۆستایەکی ئایینییان بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کردووە و داوایان لێ کردوون، کە نابێت ئەمڕۆ سێشەممە جێژن بگرن.

پێشنوێژی یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری مەهاباد، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئیتلاعاتی شاری مەهاباد منیان بانگهێشت کرد و پێیان ڕاگەیاندم، کە نابێت لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێژنی قوربان بەڕێوە ببەن.

بە وتەی ئەو مامۆستای ئایینییە، مەئموورانی ئیتلاعات بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە، کە دەبێت لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی (تاران)، ڕۆژی چوارشەممە جیژنی قوربانی بەڕێوە ببەن.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: سەرەڕای زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی گەلاوێژ، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان هاوکات لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێژنی قوربان بەڕێوە دەچێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، دووکان و بازاڕەکانی شاری بۆکان داخراون و هاوکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەمڕۆیان کردووە بە جێژن.