گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی ئومید شامحەممەدی و هیوا قورەیشی

12:03 - 27 جۆزەردان 2722

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا؛ پاش دەسبەسەرکرانی ئومید شامحەممەدی و هیوا قورەیشی، دوو ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان بردوو بووە سەر ماڵی ئەو دوو چالاکە سێنفییە و دەستیان بە بێڕێزی بە بنەماڵەی ئەو دوو چالاکە سێنفییە کردبوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادارهێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەو دوو چالاکە سێنفییە، هەوڵی دەسبەسەرکردنی هاوژینی ئومید شامحەممەدیان دابوو کە دراوسێکانی شامحەممەدی ئیزنی نەدابوو و هێزە ئەمنییەتییەکان لە دەسبەسەریی ئەو ژنە سەرکەوتوو نەبوون.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ڕایگەیاندووە لە کاتی پشکنینی ماڵی شامحەممەدی هێزە ئەمنییەتییەکان هەوڵی لێدانی هاوژینی "شامحەممەد"یان دابوو.

سەرچاوەی ئاگادار کوردپا هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو شەوی دەسبەسەریی ئومید شامحەممەدی؛ پەرویز ئەحسەنی، وەکوو میوان لە ماڵی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان_دیواندەرە بووە کە ناوبراویشان لەگەڵ شامحەممەدی دەسبەسەر کردبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، "ئومید شامحەممەدی، عوسمان ڕەزایی، هیوا قورەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە" لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.