گوشاری هێزە ئینتزامییەکان بۆسەر هاووڵاتییانی کورد بەردەوامە

13:33 - 11 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکان حکوومەتی ئیسلامیی ئێران چوونەتە گوندەکانی دەوروبەری شاری سنە و چەندین دەزگای ماهوارەی هاووڵاتییانیان زەوت کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی چەند رۆژە هێزە ئینتزامییەکان بە هاوکاریی ئیدارەی ئەماکینی شاری سنە لە گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە، وێڕای پشکنینی ماڵی هاووڵاتییان، بە شێوەیەکی بەرین دەستیان داوەتە کۆکردنەوەی دەزگا و دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانی کوردی ئەو ناوچەیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، هێزە ئینتزامییەکان پاش زەوت کردنی ماهوارەی هاووڵاتییان بە شێوەی نووسراوە \"بەڵیننامە\"یان لێ وەردەگرن و پێیان رادەگەیەنن، لە ئەگەری کەڵک وەرگرتنی دووبارە لە ماهوارە، دەدرێنە دادگا و بەپێی یاسا هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ پێش ئێستا هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە پاسگای \"حەسەناوا\" چەندین دەزگا و دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانیان لەگەڕەکی \"سپووراوا\"ی شاری سنە زەوت کردبوو.