گوشاری خاوەنکاری کارگەی وەن لەسنە و دەرکرانی کرێکارێکی ئەو کارگەیە

14:58 - 9 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی زەخت و گوشارەکانی بەرپرسانی کارگەی بەرهەمهێنانی \"وەن\"‌ی کوردستان کرێکارێکی کوردی ئەو کارگەیە کە بەدەست نەخۆشێەوە دەناڵێنێ‌، لەسەر کار دەکرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و پشت بەستن بە کۆمیتەی هاودەنگی، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا کرێکارێکی کورد بەناوی فوئاد ساڵحی کە لەئەنجامی کار کردنی لەرادەبەدەر تووشی نەخۆشی جەستەیش بووە، لەلایەن بەرپرسانی کارگەی \"وەن\"‌ـەوە لەسەر کارەکەی لابردراوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستۆتە روو، ئەو کرێکارە کوردە بە هۆی کاری دژوارەوە تووشی نەخۆشیی بووە و بۆماوەی ٨ رۆژ مەرەخسی پزیشکی وەرگرتبوو و دوای تێپەڕ بوونی سێ‌رۆژ لە مەرەخەسییەکەی گەڕابۆوە سەر کارەکەی و دواتر بە بیانووی جۆراوجۆر لەو کارگەیە دەرکراوە.

پێشتریش سەرچاوە ناوچەییەکان بڵاویان کردبۆوە، بەرپرسانی کارگەی \"وەن\" رایانگەیاندبوو، دەبێ هەر کرێکارێکی گرێبەستی لە ساڵی ٩٢دا هەموو رۆژێک ماوەی ١٠ کاتژمێر کار بکات.

بەرپرسانی ئەو کارگەیە ماوەیەک لەمەوبەریش بە بیانووی نوێ‌نەکردنەوەی گرێبەست گوشارییان خستبووە سەر \"فوئاد ساڵحی\" و \"ئەیوب کەریمی\" کە پێشینەی ٤ ساڵ کاریان لەو کارگەیەدا هەبوو.

لێپرسراوانی کارگەی بەرهەمهێنانی وەن مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩١‌یش پێنج کرێکاری کوردییان لەکار بێکار کردبوو.

کارگەی \"سقز سازی ون\"‌ی کوردستان کە لە شارەکەی حەسەناوای شاری سنە هەڵکەوتووە، لەساڵی ١٣٦٩وە کاری بەرهەمهێنانی بنێشت و لەواشەک دەکات.