گوشارهێنان و دوورخستنەوەی زیندانیان لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە بەردەوامە

14:46 - 2 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: نوسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری ورمێ، دوو زیندانی بانگهێشت و هەرەشەی لێکردوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە ٣١ی خاکەلێوە، دوو زیندانی لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی زیندانەوە، بە بیانووی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەرەکانیان، بانگهێشتی نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.

جەواد ئەحمەدی لە بەندی ١٣ و تورەج ئیسماعیلی لە بەندی ١٤ زیندانی ورمێ، شوناسی ئەو دوو زیندانییە بوون کە بانگهێشتی نووسینگەی ئیتلاعات کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو دوو زیندانییە، پاش ئاگادار بوون لە نەبوونی پارێزەرەکەیان خۆیان لە چوون بۆ ئەو نووسینگەیە بواردووە و لەگەڵ لێدانی مەئمووران بەرەوڕوو بوونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە؛ بانگهێشتی ئەو دوو زیندانییە بە بیانووی ئەوە بووە کە لە نێو بەندی زینداندا دروشیمان دژی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران داوە.

بەرپرسانی ناوەندی ئەمنیەتیی وێڕای هەڕەشە کردن لەو دوو زیندانییە بە سازکردنی دۆسیە بۆیان و دوورخستنەوەیان بۆ زیندانی شارەکانی دیکەی ئێران، گوشاریان هێناوە بۆ ئەو دوو زیندانییە کە دەبێ لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعات هاوکاری بکەن.

جەواد ئەحمەدی خەڵکی شاری ورمێیە و ماوەی سێ ساڵە لە زیندان دایە.

تورج ئیسماعیلی زیندانی سیاسی کورد خەڵکی شاری ورمێ لە مانگی خەزەڵوەری ٩٤ی هەتاوی بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" بە پێنج ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

لە هەواڵێکی هاوشێوەشدا تۆری مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە کە؛ ڕۆژی پێنج شەممە \"یووسف کاکە مەمی\" زیندانی سیاسی کورد، بە شێوەی نایاسایی بۆ زیندانی شاری تەورێز دوور خراوەتەوە.