گواستنەوەی کۆڵبەرێکی قوربانیی مین بۆ نەخۆشخانەی \"ئێبنێ سینا\"ی تەورێز

14:01 - 2 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری شاری پیرانشار بە سەختی بریندار بوو، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانە ناوەندی دەرمانی شاری ورمێ کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"شەهاب ئەکفوودە\"، تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی شاری مەهاباد، کە لە کاتی کۆڵبەریدا تووشی ئەو ڕووداوە بووە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی \"ئێبنێ سینا\"ی شاری تەورێز کراوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی تەقینەوەی مین و بەرکەوتنی پارچەی مین لە سینگی و لاقیەوە بریندار بووە، کە هەر دوو لاقی لە دەست داوە.

شەهاب ئەکفوودە، سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی شاری پیرانشار و دواتر بۆ نەخۆشخانەی شاری مەهاباد و لە کۆتاییدا بۆ نەخۆشخانەی \"ئێبنێ سینا\"ی شاری تەورێز ڕەوانە کراوە و لەوێ خەوێندراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕەزبەر، ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە ناوچەی \"کانی خوا\"ی شاری پیرانشار، لە ترسی بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە شوێنێک بە ناوی \"دەلاوان\" تێپەڕیوە و تووشی ئەو ڕووداوە بووە، کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە مینڕێژ کراوە.