گواستنەوەی هاووڵاتییەکی کورد بۆ ئیتلاعاتی شاری سنە

15:33 - 7 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری مەریوان کە ماوەی ٥٨ ڕۆژ پێش لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزرا و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش تێپەڕبوون بەسەر ٥٨ ڕۆژ لە دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"تەحسین دادڕەس\" لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و هێزە ئیتلاعاتییەکانیش لەو پەیوەندییەدا، لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بە بنەماڵەکەی خۆ دەبوێرن.

یەکێک لە نزیکانی تەحسین دادڕەس بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان ڕایگەیاند: تەحسین پاش حەوتوویەک لە دەسبەسەرکرانی لە ئیداری ئیتلاعاتی شاری مەریوان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گوێزرایەوە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: بەدواداچوونەوەکانی بنەماڵەی ئەو زیندانییە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان هەتا ئێستە بەبێ وڵام ماوەتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی سەرماوەز، تەحسین دادڕەس لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە چارەنووس و تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.