گواستنەوەی مامۆستایەکی کورد بۆ زیندانی سەقز

14:48 - 27 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی سەقزی پاش ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەر کرانی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سەقز ڕاگوێزراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەر، مامۆستا \"محەممەد ساڵح شەکەری\" مامۆستا لە قوتابخانەکانی شاری سەقز، پاش ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستا کوردە لە ژێرگوشاری ئیدارەی ئیتلاعات دابووە.

شەوی یەکشەممە ١٥ی ڕەزبەر، کاتژمێر ١١، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەقز، هێرشیان کردە سەر ماڵی مامۆستایەکی کورد بە ناوی \"محەممەدساڵح شەکەری\" و ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر لە ساڵی ٨٨ی هەتاوی، بە تۆمەتی \"ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

بەشێک لە هاوکار و نیزیکانی ناوبراو داوایان کردووە بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە مامۆستا ساڵح شەکەری،هاوکارەکانی بە هانایەوە بچن و رێگە نەدەن هیچ کەس جێگەی ئەو لە قوتابخانەکەی بگرێتەوە. هاوکات ڕایانگەیاندووە پێویستە رێگە بە داوای قوتابییەکانی بدرێ کە پێداگری لە حوزوری مامۆستاکەیان بکەن و تەنها بە گەڕانەوەی ئەو ئامادەی درێژەی خوێندن لەو بەشەدا بن.