گواستنەوەی سێ چالاکی مەدەنیی یارسان بۆ ئیتلاعاتی کرماشان

19:21 - 8 بەفرانبار 2722

سەیدئەمین عەباسی، سەیدسروش عەباسی و سەیدکەرەم عەباسی لە چالاکانی مەدەنیی یارسان، بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی کرماشان ڕاگوێزران و چارەنووسیان هەتا ئێستا ناڕوونە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سێ چالاکە مەدەنییە پاش ٢٩ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی کاتی لە بەشی ئیتلاعاتی ئەمنییەتی دێزڵاوای کرماشان بۆ ژووری تاکەکەسیی ئیتلاعات، ڕاگوێزراون.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندی لەدگەڵ دۆخی ئەو سێ برایە بە کوردپای ڕاگەیاندبوو: بەپێی ئەو قسانەی لەگەڵ ناوەندە قەزاییەکان کراوە، ئەو سێ برایە دەبوو لە ڕێکەوتی ٥ یا ٦ی سەرماوەر، ئازاد کرابان، بەڵام بۆ چەندین جار ئیدارەی ئیتلاعات بڕیاری درێژکردنەوەی دەسبەسەرکرانی ئەوانی داوە و ئەو بڕیارەش لەلایەن دادستانی شاری سەحنە، پشتڕاست کراوەتەوە.

هیچ زانیارییەک لەمەڕ بارودۆخی یاسایی ئەو سێ چالاکە یارسانە لەبەر دەستدا نییە و هیچ جۆرە وڵامێک لەلایەن ناوەندە قەزاییەکانەوە بە بنەماڵەکەیان، نەدراوەتەوە.

سەیدئەمین عەباسی ئەندامی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی یارسان و سەیدسروش عەباسیل، لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەز، لە کاتی گەڕانەوە لە شاری سەحنە بۆ کرماشان، لە خاڵی پشکنینی بێستوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هەروەها سەیدکەرەم عەباسی لە چالاکانی یارسان خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شاری ساوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لەو شارە دەسبەسەر کراوە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای کرماشان ڕاگوێزرابوو و هەر لە کاتی دەسبەسەرکانەوە دەستی دابووە مانگرتن.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: سەیدسروش، سەیدکەرەم و سەیدئەمین عەباسی