گواستنەوەی دوو زیندانیی کورد بۆ زیندانی مەهاباد

14:42 - 17 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی کورد کە لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرابوون، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، کاوە سەلیمی و به‌همه‌ن مەولوودی کە لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەزەوە ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوون، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هێرانا، هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ئەو دوو زیندانییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.

پێشتریش کاوە سەلیمی لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی‏دا، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکانەوە بۆ ماوەی ٢٧ ڕۆژ دەستبەسەر و بە دانی بارمەتە ئازاد کرابوو.

کاوە سەلیمی تەمەن ٢٦ ساڵ و ئەندازیاری کامپیوتێر و بەهمەن مەولوودی تەمەن ٢٢ساڵە وێنەگر و فیلم‏هەڵگرە.