گوازتنەوەی چەکوچۆڵی قورس بۆ بەرزاییەکانی شاخی شاهۆ

15:00 - 2 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران هەوڵی دروست کردنی پایگاگەلێکی نوێی بە چەکوچۆڵی قورس لە بەرزاییەکانی شاخی شاهۆ دەدات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سپای پاسداران هەوڵی ڕەوانە کردنی چەکوچۆڵی قورسی نیزامیی بۆ بەرزاییەکانی شاخۆ شاهۆ دەدات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سپای پاسداران پایگاگەلێکی نوێ لە بەرزاییەکانی شاخی شاهۆ دروست کردووە و ئەم چەکوچوڵە قورسانەش ڕەوانە ئەو پایگاگایانە دەکات.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: چەکوچۆڵە ڕەوانە کراوەکان بۆ بەرزاییەکانی شاخی شاهۆ لە جۆرەکانی کاتیوشا و تۆپ بووە.

ئەو سەرچاوەیەش ئەوەشی خستەڕوو، سپای پاسداران فەزاییەکی نیزامیی بە سەر گوندەکانی دەورووبەری شاخی شاهۆ پێکهێناوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سپای پاسداران بەرزاییەکانی شاخی شاهۆی لە نێوان شارەکانی کامیاران_ڕوانسەر تۆپباران کردووە.

دروست کردنی پایگای نیزامیی نوێ و ڕێگاکانی پەیوەندی لە لایەن سپای پاسدارانەوە خەسارێکی بەرچاوی بە بەشێک لە ژینگەی پارێزراوی شاخی شاهۆ گەیاندووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، سپای پاسداران مانۆڕێکی نیزامیی لە بەرزاییەکانی شاهۆ بە کەڵکوەرگرتن لە یەگانەکانی قەراگای حەمزە جێگر لە کوردستان، بەڕێوە برد.