گشتپرسی سەربەخۆیی و دەسبەسەر کردنی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کورد

19:32 - 5 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەتییەکانی شاری سەقز، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٤ی ڕەزبەر، هێزە ئیتلاعاتییەکان، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقزیان لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە \"بەختیار خۆشناو\" ڕاگەیاندووە.

سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانی بنەماڵەکەی لە ئیدارەی ئیتلاعات، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی وڵامێکی ڕوون لەو پەیوەندییەدا خۆ دەبوێرن.

پێشتریش ئەم هاووڵاتییە کوردە، بە تاوانی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" بە ساڵێک زیندانی تەعلیقی و دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەر کردن و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن، کە ڕۆژی سێشەممە ٤ی ڕەزبەر، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری سەقز، ٢٠ هاووڵاتیی کورد کە پیشینەی هاوکاریان لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران هەبووە، دەسبەسەر کراون.

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد، سنە و مەریوان هەواڵی دەسبەسەر کردنی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردیان لە پەیوەندیی لەگەڵ لەبەر کردنی جلوبەرگی کوردی لە شوێنە گشتییەکان داوە.

پاش بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە لەبەر کردنی جلوبەرگی کوردی و هەڵپەڕکێی و شایی و خۆشی لە شەقامەکان بە نیسبەت بەڕێوەچوونی ئەم گشتپرسییە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بوو، کە لەگەڵ هەڵسوکەوتی توندی هێزە ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو بوونەتەوە.