گروپی شاخەوانیی سامڕەندی نەغەدە، یارمەتی بۆ لێقەوماوانی شەنگال کۆدەکاتەوە

22:29 - 30 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: گرووپی شاخەوانیی سامڕەندی نەغەدە، یارمەتی بۆ لێقەوماوانی شەنگال کۆدەکاتەوەو ئەندامانی ژنی ئەو گرووپە شاخەوانییەش بە مەبەستی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ خەڵکی لێقەوماوی شەنگال، چالاکییەکی شاخەوانی بەڕێوە دەبات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە درێژەی چالاکیی یارمەتی کۆکردنەوەی هاووڵاتییانی کورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستان، گروپی شاخەوانیی سامڕەندی نەغەدەش بە دروشمی \"دڵی نەغەدەش لە شەنگالە\"، چالاکیی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی شەنگالی دەست پێکرد.

ئەمین پارسا سەرپەرستی گرووپی شاخەوانیی سامرەندی نەغەدە لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ لە رۆژی چوارشەممەی ئەم حەفتەیەوە، بە هاوکاریی مانگی سووری شاری نەغەدە و بە دانانی دوو بنکە لە ناوشاردا، دەستمان بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی شەنگال کردووە.

پارسا گوتیشی؛ بەداخەوە بەهۆی ئەوەیکە شاری نەغەدە NGOی تێدا نییە و هاوکات کەسانی خۆشناوی شارەکە هەتا ئێستا یارمەتیی ئێمەیان نەکردووە، هاووڵاتییانی شارەکە متمانەیان بەوە نییە، کە یارمەتییەکانیان بگاتە دەستی خەڵکی شەنگال، هەر بۆیە هەتا ئێستا توانیومانە تەنیا ١ ملوێن پارەی نەخت کۆ بکەینەوە.

ئەو سەرپەستەی تیمی شاخەوانیی سامڕەندی نەغەدە گوتیشی، بە دڵنیاییەوە ئەو پارەیە دەگاتە دەستی لێقەوماوان و ئاوارەبوانی خەڵکی شەنگالی هەرێمی کوردستان و پارەی نەختییەکە دەخرێتە حیسابی بانکیی مانگی سوور، کە تایبەت بۆ لێقەوماوانی شەنگال تەرخان کراوە.

هاوکات ئەندامانی ژنی ئەو گروپە شاخەوانییە، بە مەبەستی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی لێقەوماوی شەنگال، چالاکییەکی شاخەوانی بەرەو چیای باوەسەن ئەنجام ئەدەن و داوا لە خەڵک دەکەن، کە وێرای بەشداری کردن لەو چالاکییە شاخەوانییەدا، یارمەتیی خەڵکی لێقەوماوی شنگالیش بدەن.

سەیران محەمەدی، سەرپەرستی تیمی ژنانی گروپی شاخەوانیی سامڕەند داوای لەو کەسانە کردووە، کە دەیانهەوێ لەو چالاکییەدا بەشداری بکەن و یارمەتیی خەلکی شەنگال بدەن، کاتژمێر ٦ و نیوی بەیانیی رۆژی هەینی لە پارکی محەمەد هەوراز کۆ ببنەوەو بەرەو کێوی باوەسەن بەڕێ بکەون.
\"21669.jpg\"