گرووپی شانۆی روانگە لە مەهاباد داوای پشتگیری دەکەن

15:32 - 5 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: بڕیارە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا گرووپی شانی روانگە لە شاری مەهاباد شانۆیەک بەڕێوە ببەن و بۆ ئەو مەبەستە داوای پشتگیری لە هاووڵاتیان دەکەن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شانۆی \" بەوەر و دەروێش\" ناوی ئەو نمایشەیە کە بڕیارە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٦ی رەزبەر بە دەرهێنەریی موحسێن زیائی و نووسینی سەعید شاپووری دەست پێبکات.

یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو شانۆیە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاندووە، لەم شانۆیەدا کۆمەڵێک کاری جیاواز کراوە و ئەویش مۆسیقای راستەوخۆ بەکارهێنراوە و تراکشێنەکانی مۆسیقا هەستی راستەقینەی شانۆکارەکانن.

سۆران شەریفی، سۆران حوسێن زادە، ئومید ئیبراهیمیان و ئەفشین مەعرووفی ناوی بەشیک لە بەڕێوەبەران و ئەکتەرەکانی شانۆی \"بەوەر و دەروێش\"ن.

هەر ئەو بەڕێوەبەرانە باسیان لەوەش کردووە کە ماوەی شەش مانگە کار لەسەر ئەو شانۆیە دەکەن و لەو ماوەیەدا لە زۆر دەرگای ناوەندە حکوومەتییەکانیان داوە کە یارمەتیان بکەن، بەڵام لەگەڵ وڵامی ڕەت بەرەوڕوو بوونەتەوە.

ئەو هونەرمەندە کوردانە دەلێن شارەوانی شاری مەهاباد سەرەڕای ئەوەی هاوکاریمان ناکات بەڵکوو لەمپەڕیش بۆ چالاکییەکانمان دروست دەکات و دەیهەوێ هەموو چالاکییەکان بە ناوی خۆیەوە تەواو بکات.

گرووپی شانۆی روانگە لە بانگەوازیکدا داوای هاوکاریی و پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان و بە تایبەت شاری مەهاباد دەکات.