گرووپی شاخەوانی ژیاری کوردستان لووتکەی دەماوەندیان خستە ژێرپێ

15:15 - 11 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: ئەندامانی گرووپی شاخەوانی ژیار لەشاری سنە توانیان بەسەر لووتکەی چیای دەماوەندا سەر بکەون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کورپا، گرووپی شاخەوانی ژیار کە بە لقی سەرەکیی ئەنجومەنی شاخەوانانی پارێزگای کوردستان دێتە ئەژمار بە مەبەستی رێزگرتن لەژینگە چالاکی شاخەوانیان بەڕێوە بردووە.

ئەو گرووپە شاخەوانییە بە مەبەستی رێزگرتن لەژینگە و ئاگادار کردنەوەی بیرورای گشتیی سەبارەت بە پاراستنی سروشی و ژینگە، بەرزایی پێنج هەزار و ٦٧١ی میتری چیای دەماوەندیان بڕیوە.

ئەو گرووپە هەتا ئێستا توانیویانە چەندین لووتکەی بەرزی وەکوو چل چەمە، سوڵتان سراج، ئەلوەند، دەماوەند و سەبەلان ببڕن.

چیای دەماوەند بە بەرزایی پێنج هەزار و ٦٧١ی میتر لەباکووری ئێران هەڵکەوتووە و بە بەرزترین چیای ئێران دیتە ئەژمار.

ئەو چیایە لەرۆژهەڵاتی ناڤینیشدا بە دووەمین لووتکەی بەرز ئەژمار کراوە.