گاز، گیانی خوێندکارێکی کوردی لە مەراغە ستاند

14:24 - 20 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی خەڵکی پاوە بەهۆی ژەهراوی بوون بە گازی دی ئۆکسیدی کەربۆن لە ماڵێکی بەکرێگرتەدا لە شاری مەراغە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆتاییەکانی حەوتووی ڕابردوو، دزەکردنی گاز لە خانوویەکی گەڕەکی \"شێخ تاج\"ـی مەراغە، گیان لەدەستدانی لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵ بەناوی \"هێمن محەممەدمورادی\" کوڕی \"کامران\"ی بەدواوە بوو.

ناوبراو خەڵکی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشانە و لە زانستگەی مەراغە دەیخوێند.

\"\"
هێمن محەممەدمورادی
هۆکاری ڕوودانی ئەو کارەساتە بۆ ئەو خوێندکارە کوردە لەلایەن ڕاگەیەنەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتەوە ئاوا باس کراوە کە؛ دانەپۆشینی کون و کەلەبەری ئاوگەرمکەرەوەی گازی و نەبوونی دووکەڵکێش، دزە کردنی گازی ژەهراوی بەدواوە بووە.

دەوترێت لەو گازگرتووییەدا، دوو خوێندکاری دیکەی کوردیش تووشی ژەهراوی بوون بوونە و یەکێ لەوانە براوەتە نەخۆشخانەی \"ئەمیرئەلمۆمنین\"ی مەراغە.

سێ ساڵ بەر لە ئێستاش خوێندکارێکی سەردەشتی لە مەراغە بە هۆی گاز گرتووییەوە گیانی لەدەست دا.

سەرەڕای دانی هۆشداریی و ڕاگەیاندنی ناوەندە پێوەندیدارەکان سەبارەت بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی خۆپاراستن، بەڵام ڕووداوەکانی لەم چەشنە لە وەرزی پاییز و زاستاندا ڕوو لەزیادبوون دەکا و دامەزراوە حکوومییەکانیش کەمترین هەوڵی بەکردەوەی بۆ دەدەن.
لینکی پەیوەندیدار:
مەراغە/ گازگرتوویی گیانی خوێندکارێکی کوردی ستاند+ وێنــە