گازگرتوویی گیانی دایک و دوو منداڵی ستاند

14:13 - 24 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: پەنگخواردنەوەی گازی کەربۆن لە ژووری بنەماڵەیەکی کامیارانی، گیان لەدەستدانی ٣ کەسی بە دواوە بوو.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەکی کوردی نیشتەجێ شاری کامیاران لە پارێزگای سنە، بە هۆکاری تەشەنەی گازی \"دی ئۆکسیدی کەربۆن\" مەسمووم بوون.

ئەو کارەساتە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی ڕێبەندان لە گەڕەکی \"تەپە پیر محەممەد\"ی ئەو شارە ڕوویداوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بنەماڵەیە بە ئاژانسی کوردپای گوت:\"ترازانی بۆڕی ئاوگەرمکونی حەمامی ئەو ماڵە، هۆکاری پەنگخواردنی دووکەڵ و پاشان گیان لەدەستاندانی دایک و دوو منداڵەکە بووە\".

هەر بەپێی ئەم هەواڵە، سورەیا کەمانگەر(٣٥ ساڵ) کچی عەلی، ئاران ڕەحیمی(٨ ساڵ) و سارا ڕەحیمی(٥ ساڵ) منداڵانی مەلاک ڕەحیمی(هەورام) لە ڕووداوە گیانیان لەدەست داوە.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هەورام ڕەحیمی بە هۆی دەستکورتییەوە، ماوەیەکە بۆ کار و کرێکاری ڕووی کردووەتە باشووری کوردستان و ڕۆژی ڕابردووش بۆ بەخاکسپاردنی ژن و منداڵی گەڕاوەتەوە بۆ کامیاران.

ماوەیەک پێش ئێستاش بە ڕووداوی هاوشێوە لە سەقز، دایک و منداڵێک بوونە قوربانی خەراپیی بۆڕی ئاوگەرمکون و بڵاوبوونەوەی گاز.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکی وەرزی سەرما، ئاماری قوربانیانی گازگرتوویی و خنکان بە مۆنۆکسیدی کەربۆن ڕووی لە زیاد بوون دەکات و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پلەی گەرمیی هەوا لە ناوچەکانی کوردستان ڕووی لە دابەزین بووە.

ئێران لەبواری قوربابیانی مەسموومییەتی گازی لە ئاستی جیهاندا لە ڕیزی یەکەمدایە بە چەشنێک کە لە نوێترین ئاماری ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی؛ لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣١٨ کەس بو هۆکاری گازگرتوویی گیانیان لەدەست داوە.