گازگرتوویی لە کامیاران گیان لەدەست دانی کچێکی لێکەوتەوە

21:16 - 7 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: کچێکی تەمەن ١٩ ساڵەی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەربە بەخشی (موچش)ی لە شاری کامیاران بەهۆی گازگرتوویەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ شەوی سێ‌شەممە رێکەوتی ٦ی ره‌شه‌مه کچێک بەناوی ژیلا ئەیوبی کچی عیسا، بەهۆی گازگرتووییەوە بووە قوربانی.

ئەو کچە تەمەن ١٩ ساڵەیە خەڵکی گوندی \"کێلە ولان\"ی سەربە بەخشی \"موچش\"ی شاری کامیاران لە ئوستانی کوردستان بووە.

دەگوترێت؛ کە تەرمی ژیلا ئەیوبی پاش پشکنین لە پزیشکی دادوەریی شاری کامیاران، لە گوندی \"کێلە ولان\" بەخاک سپێردراوە.

هەروەها شەوی یەکشەممەی ئەم حەفتەیە ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بەناوی یادگار و خەڵکی شاری سەردەشت، کە لە شارستانی پیرانشار شووی کردبوو، بەهۆی گازگرتووییەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئاماری پزیشکی دادوەریی ئوستانی کوردستان، لە ماوەی ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا (سەرەتای خاکەلێوە هەتا کۆتایی مانگی بەفرانبار) ١٩ هاووڵاتیی کورد لە ئوستانی کوردستان بەهۆی گازگرتووییەوە گیانیان لەدەست داوە، کە لە کۆی ئەو ریژەیە ١٣ کەسیان پیاو و ٦ کەسیشیان ژن بوونە.