گازگرتوویی، ٩ قوتابیی دواناوەندی لەبیجار رەوانەی نەخۆشخانە كرد

13:00 - 30 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: ژمارەیەک لە قوتابیانی قوتابخانەیەكی دواناوەندی لەشارستانی بیجار بە هۆی گاز گرتوویەوە باری تەندروستیان تێكچووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٢٩ی بەفرانبار ٩ قوتایی دواناوەندی لە ئەنجامی كێشە لە قۆڵە كورەی قوتابخانەكە و هەڵمژینی گازی \" دی ئوكسیدی كاربون\" رەوانەی نەخۆشخانە كراون.

یەكێك لە بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لەشاری بیجار، هۆكاری ئەو گازگرتوویەی بۆ كێشەی قۆڵە كورەكە گەڕاندۆتەوەو لەو باریەوە بە هەواڵدەریی تەسنیمی راگەیاندووە، ئەو ٩ قوتابییە، کە سەرجەمیان کوڕ بوون، دوای چارەسەری پزیشكی رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە.

رەسووڵ پاپایی خۆی لەدانی زانیاری زیاتر و وردتر لە چۆنیەتیی ئەو رووداوە بواردووە.
ئەو گازگرتووییە، رووداوی ئاگركەوتنەوەكەی قوتابخانەی شیناوێ‌دێنێتەوە بیر و ئەمە لەحاڵێكدایە كە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی بیجار رایگەیاندبوو، كە سەدا ٩٩ی پۆلەكان بە سیستەمی گەرمایی ستاندارد گەرم دەكرێنەوە.

دوو حەفتە لەمەوبەریش قوتابخانەی ناوەندی ئاوایی \" ئاڵمەڵوو\"‌ی بەخشی قوتوور شاری خۆی، تووشی ئاگركەوتنەوە ببوو كە بە خۆشحاڵییەوە خەساری گیانی بەدواوە نەبوو.