گازگرتووویی لە شاری پاوە گیانی ژن و مێردێکی کوردی ئەستاند

13:41 - 17 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: پێنج ئەندامی بنەماڵەیەکی کوردی خەڵکی شاری پاوە لە ئوستانی کرماشان، بەهۆی گازگرتوویی و تەقینەوەی گاز، کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە شاری پاوە، ژن و مێردێک بەناوەکانی رابیعە روودباری تەمەن ٤٠ ساڵ و کەریم حوسێنی تەمەن ٤٥ ساڵ، کە دانیشتووی شاری پاوە بوون، بەهۆی گازگرتووییەوە گیانیان لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ دوو کوڕ و کچێکی ئەو بنەماڵەیەش لە ئەنجامی تەقینەوەی گازدا تووشی برینداری هاتوون.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ بینای خانووبەرەکە بەهۆی ئەو تەقینەوەیە، ئاگری تێبەربووەو بەشێک لە خانووەکەش داڕماوە.

دەگوترێت، کە لوولەکەشیی گازی ئەو خانووبەرەیە گازی دەڵاندووە (نەشتی هەبووە) و بەو هۆیەوە ئەو ژن و مێردە تووشی گاز گرتوویی بوون و دواتریش بینای خانووبەرەکەش تەقیوەتەوە.

بەپێی ئاماری پزیشکی دادوەریی ئوستانی کرماشان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی خەزەڵوەر (کۆتایی دووەم مانگی پاییز)، ١٩ هاووڵاتیی کورد لە ئوستانی کرماشان بەهۆی گازگرتووییەوە گیانیان لەدەست داوە، کەلە کۆی ئەو رێژەیە ١٢ کەسیان لە مانگەکانی رەزبەر و خەزەڵوەردا گیانیان لەدەست داوە.