گاردی تایبەتیی زیندانی ورمێ هێرشی کردە سەر زیندانیانی سیاسی کورد

16:10 - 1 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی گاردی تایبەتیی نێو زیندان، دەستیان بە پشکنینی بەندی زیندانییە سیاسییەکانی ئەو زیندانە کردووە و بەشێک لە کەلوپەل و کەرەسە تایبەتییەکانی زیندانیانیان زەوت کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، گاردی تایبەتیی نێو زیندانی ورمێ، رۆژی یەکشەممەی رابردوو بە بیانووی گەڕان بۆ کەلوپەلی پەیوەندی کردنی وەک مۆبایل، هێرشیان کردۆتە سەر زیندانیە سیاسییەکانی ئەو زیندانە و بیڕێزییان بەو زیندانییە کوردانە کردووە.

سەرچاوەیەک لە زیندانی ورمێ (دەریا)وە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، مەئموورانی گاردی تایبەت وێڕای پشکنینی جەستەیی زیندانییە سیاسییەکان، ئەو زیندانیانەیان لە بەندی ١٢، کە تایبەت بە زیندانیانی سیاسییە، کردووەتە دەرەوە و کەلوپەلی زیندانیانیان پشکنیوە.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، مەئموورانی گاردی تایبەت کەلوپەلی ئەو زیندانیانەیەن فڕێ داوەتە سەر زەوی و دەستیان بەسەر کۆمەڵێک کتێب و دەستنووسراوەو کەلوپەلی شەخسیی زیندانیانیشدا گرتووە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی؛ \"ئەم پشکنێنە و بێڕێزی کردنە بە زیندانییە سیاسییەکان بە بڕیاری دەفتەری نوینەرایەتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی نیو زیندان ئەنجام دراوە\".

هەنووکە زیاتر لە ٣٠ زیندانیی سیاسیی کورد لە بەندی ١٢ی زیندانی ورمێ لە دەستبەسەریدان و دەگوترێت، ٢٥ زیندانیی سیاسیی دیکەش لە بەندە جیاجیاکانی ئەو زیندانەدا راگیراون.