کەیوومەرس لەتیفی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا

17:36 - 25 رەشەمه 2721

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمە، کەیوومەرس لەتیفی چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا، بە بنەماڵەکەی ڕایگەیاندووە کە بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزراوە.

کەیوومەرس لەتیفی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

پێشتریش هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنییە کردووە کە لە میدیاییکردنی دەسبەسەریی کەیوومەرس خۆ ببوێرن و بێدەنگیی هەڵبژێرن.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمە، بنەماڵەی "کەیوومەرس لەتیفی" چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ئەنجامی بەدواداچوونی بنەماڵەی کەیوومەرس لەتیفی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، خوشکی ئەو چالاکە مەدەنییەیان بە ناوی "ئارەزوو لەتیفی" دەسبەسەر کردبوو.

ئارەزوو لەتیفی پاش دەسبەسەرکرانی کورتماوە، بەهۆی نالەباربوونی دۆخی تەندروستی و لێدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندان، "کەیوومەرس لەتیفی" تەمەن ٤١ ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر کرابوو.

کەیوومەرس چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردی بووە و پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی مەولەوی لە سنە بووە.

لەتیفی خەرمانانی ٩٨یش بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و ٥ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.