کەڵە کێوییەکانی کوردستان قوربانیی دەستی راوی نایاسایی / راوی ١٢ کەڵ لە ١٠ مانگدا

15:04 - 20 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە گیانلەبەرەکانی لەحاڵی لەناوچوونی کوردستان، لەماوەی ئەمساڵدا ١٢ جار لەلایەن کەسانی سەرپێچیکارەوە راو کراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، راوچییەکان لە ناوچە کوێستانییەکانی شاری سەوڵاوا بەتایبەتی لە \"کۆساڵان\" و \"کوڕە میانە\" ١٢ کەڵە کێوییان راو کردووە.

ئەو کەڵە کێوییانەی کە راو کراون لەماوەی ١٠ مانگی ئەمساڵدا بووەو زۆربەیان لە لەناوچەکانی قەدەغەکراودا رووی داوە.

\"18274.jpg\"
ناوچەی پارێزراوی کۆساڵان
بە وتەی لێپرسراوی ئیدارەی ژینگەپارێزی سەوڵاوا، هەتا ئێستا پارێزەرانی ژینگە، توانیویانە دەست بەسەر ١٦ چەکی راو، ١٠٠ فیشەک و پێنج دەراغیشدا بگرن.

ناوچەی پارێزراوی کۆساڵان و شاهۆ بە رووبەری ٥٧ هەزار هێکتار لەنێوان شارستانەکانی سەوڵاوا، مەریوان و کامیاران هەڵکەوتووە و شوێنێکی تایبەتە بۆ ژیانی باڵەندە و ئاژەڵان.

راو کردنی ئەو ١٢ کەڵەکێوییە لەماوەی ١٠ مانگدا لەحاڵێکدایە کە پێشتر جێگری چاوەدێری و ئیدارەی گشتیی ژینگە پارێزی ئوستانی کوردستان باسی لە مەترسیی لەناو چوونی ١٩ جۆر ئاژەڵی دەگمەن کردبوو.

تەیەب مەحموودی، نەبوونی پێرسۆنێل و نەبوونی هەماهەنگی کارمەندان لەگەڵ یەکتر و شارەزا نەبوون لەگەڵ شوێنی ژینگەی ئاژەڵان، کەمیی ژێرخانی پێویست بۆ پاراستنی فیزیکی، ئاگر کەوتنەوە و لەناوچوونی هێندێک گوڵ و گیای دەگمەن و خشۆکە\" بە کێشە سەرەکییەکانی ئەو ئیدارەیەی لەقەڵەم دابوو.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لەحاڵی حازردا ٥٠ هەزار چەکی رێگەپێدراو، و نایاسایی بەدەستی راوچییەکانەوەیە و لە ٣٥ شوێنی ئوستانی کوردستاندا راوی پێدەکەن.