کەڵانتەریی نەوسوود ماهوارەی گوندەکانی پاوە کۆدەکاتەوە

19:27 - 6 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە شاری پاوە، لە کاتی بەیانیدا دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانیانی گوندی نەیسانەی سەربە شاری پاوەیان کۆکردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە هێزەکانی کەڵانتەریی نەوسوود چوونە گوندی نەیسانەی سەربە شاری پاوە دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانی ئەو گوندەیان لەگەڵ خۆیاندا برد.

بە گوتەی خەڵکی گوندی نەیسانە،، هێزەکانی کەڵانتەریی نەوسوود بەبێ ئیزنی خاوەن ماڵەکان دیشی ماهوارەکانیان لە سەربانەکان هێنایە خوارەوەو دەستیان بەسەردا گرتن.

دەگوترێ، کەسیک بەناوی \"سەروان قادری\"، کە خەڵکی گوندی (نجار)ی سەربە شاری پاوەیە، فەرماندەی ئەو هێزانە بووە، کە بە گوتەی هاووڵاتییان دەستێکی باڵای لە ئازادرانی خەڵکی ناوچەکەدا هەیە.

کۆکردنەوەی دیشی ماهوارە وەکوو ئەرکێکی هێزی ئینتزامی لە ئێراندا دیاری کراوەو گەلاڵەی کۆکردنەوەی ماهوارە لە کوردستاناتدا، بەهۆی کەناڵی ماهوارەیی حیزبە کوردییەکان و میدیا کوردییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە شێوەیەکی بەر بڵاوتر بەڕێوە دەچێت.

هاوکات ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانیش لە رێگەی ناردنی شەپۆلەکانی پارازیتەوە ئاستەنگ بۆ وەشانی کەناڵە ماهوارەییەکان دروست دەکەن.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەلایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانەوە وەکوو پێشێلکاری مافی هاووڵاتییان و سانسۆری ئازادی و راگەیاندن ناسێندراوە.