کەژاڵ نەسری بە ٥ ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرا

11:09 - 22 خەرمانان 2722

کەژاڵ نەسری، چالاکی مەدەنیی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە شاری سنە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعلیقی، مەحکووم کرا.

ئەو حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بەو چالاکە مەدەنییە ڕاگەیەندراوە و دادگا ناوبراوی بە "هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠، کەژاڵ نەسری" به دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بە شیوەی کاتیی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ئازاد کرابوو.

کەژاڵ نەسری پاش مانگرتنی دوو ڕۆژەی دایکی لە بەرانبەر ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە پەیوەندیی تەلەفوونی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەر بێبەری کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردبووە سەر ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییەیان دەسبەسەر کردبوو.