کەنیسەیەکی کۆنی ئەرمنییەکان لە سەڵماس ڕووخێندرا

14:23 - 12 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە ئاسەوارە کۆنە مێژووییەکانی کوردستان لە شاری سەڵماس بە شێوەی بەرنامەبۆ داڕێژراو لە حاڵی لە ناوچوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کەنیسەیەکی هاووڵاتییانی ئەرمەنی لە شاری سەڵماس لە نیزیک گوندی چۆڵکراوی \"قەڵا سەر\" لەلایەن کەسانێکی نەناسراو و بەرژەوندی خوازەوە\" ڕووخێندرا.

دیواری ئەو کەنیسەیە کە مێژووەکەی بۆ ٢١٠ ساڵ دەگەڕێتەوە بەم نزیکانە ڕووخراوە کە ڕۆژی ڕابردوو هەواڵدەریی ئیسناش وێنەکەی بڵاو کردۆتەوە.

سەبارەت بە ڕووخانی ئەو کەنیسەیە، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئاسەواری \"تایە ئاگردانی ماشینی گەورەی وەک لۆدێر\" لە دەورووبەری ئەو کەنیسەیە دەبێنرێت.

دێهیاری یەکێک لە گوندەکانی ناوچەکە بە پشتڕاست کردنەوەی رووخانی کەنیسەی قەڵا سەر، باسی لە چاڵ هەڵکەندنی قووڵ لە زیارەتگەی نیزیک ئەو کەنیسەیە کردووە.

ڕووخاندنی ئەو کەنیسەیە لەگەڵ دژکردەوەی کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پارێزگای ورمێ بەرەوڕوو بووەتەوە و هەروەها نیگەرانی جیددی بۆ لە ناوچوونی ناسنامەی مێژووی ناوچەکە بە تایبەتی ئەرمەنییەکانی لێ کەوتووتەوە.

پێشتریش لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا، کەنیسەی\"مریم مقدس\" لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کرابووە ئامانج بۆ ڕووخاندن.

پێشتریش ئاژانسی هەواڵدەریی مەسیحییەکانی ئێران بڵاویان کردبووە کە نزیکەی ٥٠٠ کەنیسە لە ئێران بوونیان هەیە، کە زۆربەیان کۆنن یان ڕووخاون.

ئەو سەرچاوەیە باسی لە \"ڕووخانی سیستماتیک\" بۆ ڕووخانی کەنیسەکان کردووە.

دوو ڕۆژ پێش بۆ یەکەم جار ١٩ ڕێکخراوی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەبەرامبەر دۆخی هەنووکەیی مەسیحییەکان لە ئێران و گوشار و سەرکوتی کەمە ئایینیەکان لە ئێران ناڕەزایەتییان دەڕبڕی و داوایان لە دەوڵەتەکانی جیهان کرد لە پەیوەندییە دوو لایەنەکانیاندا لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامیی ئێران مافی مرۆڤ، بە تایبەتی مافی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان لە بەرچاو بگرن.

\"\"
کەنیسەیەکی کۆنی ئەرمنییەکان لە سەڵماس ڕووخێندرا

\"\"
کەنیسەیەکی کۆنی ئەرمنییەکان لە سەڵماس ڕووخێندرا

\"\"
کەنیسەیەکی کۆنی ئەرمنییەکان لە سەڵماس ڕووخێندرا