کەنگاوەر/ بەڕێوەچوونی شەشەمین فێستیڤاڵی شێعری "تەوز(طنز)"ی کوردی + وێنـە

15:48 - 16 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: بە بەشداریی کۆمەڵێک لە ئەدیبان و شاعیرانی کوردی خەڵکی شارەکانی ئوستانی کرماشان، شەشەمین فێستیڤاڵی شێعری تەوزی کوردی لەشاری کەنگاوەر بەرێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٥ی رەزبەر شەشەمین فێستیڤاڵی شێعری تەوزی کوردی لەشاری کەنگاوەر بە بەشداریی شاعیران و ئەدیبانی کورد لەشارەکانی \"شائاباد، سەرپێڵ زەهاو، کرماشان، پاوە و جوانڕۆ، کەنگاوەر و سەحنە\" دەستی پێکرد و پاش چوار کاتژمیر، کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.

ئەو فێستیڤاڵە کە لەلایەن \"ئەنجومەنی ئەدەبی هاوزوان بە سەرپەرستیی حەبیب عەنبەری \" و \"ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی کەنگاوەر\"ـەوە بەرێوە چوو، تیایدا ٩٠ بەرهەم بە زاراوەکانی\"لوڕی، کەلهوڕی، لەکی، هەورامی و سۆرانی\" بەشدارییان کردبوو.

یەکێک لە بەشدارانی ئەو فێستیڤاڵە شێعرییە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، سەرجەم شێعرەکانی بەشدار لەو فێستیڤاڵەدا دیاردەکانی کۆمەڵگەیان وەک: \"بەرتیل خۆری نێو ئیدارەکان، بێکاری، نەبوونی ئیمکانات و کێشە و گرفتەکانی ژن خواستن \" دابوویە بەر رەخنە و توانج.

ئەو بەشدارە بووەی فێستیڤاڵی شێعری تەوزی کوردی لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە چ کاریگەرییەکی لەسەر بزاڤی رۆشنبیریی و ئەدەبی لە شارەکانی کرماشاندا هەبووە، رایگەیاند؛ \" بەسەرنجدان بەوەی کە لێرە هیچ چەشنە دەرەتانێک بۆ خوێندن و نووسینی زمانی کوردی لە گۆڕێدا نییە، ئەم فێستیڤاڵانە بوونەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لە شوێنێکدا وەک شاری کەنگاوەر، کە هەتا ٢ سال پێش ئێستا زمانی کوردی نزیک بە لەبیر کران بوو، بزاڤێکی رۆشنبیری و ئەدەبیی بەهێز بێتە ئاراوە و ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر رەوتی بەرەپێشچوونی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی لەو ناوچەیە هەبووە و بەخۆشییەوە ئەم رەوتە روو لە گەشەیە\".

هاوکات یەکێکی دیکە لەبەشدارنی ئەو فێستیڤاڵە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، هەر چەند ئەم فێستیڤاڵە لەجۆری خۆیدا شتێکی باش بوو، بەڵام پێشکەشکاری فێستڤاڵەکە بە فارسی دائاخاوت، ئەمەش لەحاڵێکدا بوو کە فێستیڤاڵەکە، فێستیڤاڵێکی کوردی بوو.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە رەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتیی فێستیڤاڵەکە گرت و رایگەیاند، ئەم فێستیڤاڵە بەشێوەی پێویست تەبلیغاتی بۆ نەکرابوو، چونکە دەکرا رێژەیەکی بەرچاوتر لە شاعیران و ئەدیبانی کورد بەشداری لەم فێستیڤاڵەدا بکەن و ببنە هۆی زیاتر دەولەمەندبوونی ئەم فێستیڤاڵە.

لە دوایین بڕگەی فێستیڤاڵەکەدا لێژنەی داوەران پێکهاتوو لە \"عەبدولرەزا رادفەڕ، رەزا مەوزوونی و جەلیل ئاهەنگەر نژاد\" چەند شعیرێکیان وەک کەسانی سەرکەتووی ئەم فێستیڤاڵە دەستنیشان کرد.

هەروەها شاعیران و ئەدیبانی وەک \"کیوومەرس بەلەدە - شائاباد، خاتوو تەیبە یووسفی - کەنگاوەر، حوسێن خەزایی – سەحنە\" نەفەراتی یەکەم هەتا سێیەمی ئەو فێستیڤاڵە دەستنیشان کران و هەروەها \"فەرەیدوون میرئەحمەدی – جوانڕۆ، موجتەبا کەریمی – سەرپێڵ‌زەهاو، محەممەد رەشید ئەمینی – پاوە، مریەم مەسروور – کەنگاوەر، سدیقە جاورسینە – سەحنە، هادی سپنجی – پاوە\" ئەو شاعیرانە بوون کە وەک کەسانی شیاوی رێزلێنان دەستنیشان کران.

لەلایەکی دیکەوە بڕیارە لەداهاتوویەکی نزیکدا، فێستیڤاڵێکی تایبەت بە ئەدەبیاتی منداڵ لەشاری ئەیوانی غەرب بە بەشداریی ٥ ئوستانی \"کرماشان، ئیلام، لوڕستان، کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا\" بەرێوە بچێت.
\"15878.jpg\"

\"15880.jpg\"

\"15879.jpg\"

\"15882.jpg\"

\"15881.jpg\"

\"15883.jpg\"