کەمیی پێداویستییە پزیشکییەکان مردنی منداڵێکی ٧ ساڵانی لێ کەوتەوە

13:26 - 6 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکان لە شاری سەلاسی باوەجانی، منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵە، لە کاتی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری جوانڕۆ گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٥ی بەفرانبار، منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵان، خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی، بە هۆی نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەی ئەو شارە، لە کاتی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری جوانڕۆ گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری جوانڕۆ، شوناسی ئەو منداڵە تەمەن ٧ ساڵەی بە ناوی \"کیان ئەڵماسی\" کوڕی جەلال، خەڵکی گوندی \"زیارەتەی\" ناوچەی تەمرخانی سەلاسی باوەجانی ڕاگەیاندووە.

ئەوە سەرچاوەیە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: کیان ئەڵماسی کە نەخۆشی \"شەکرە\"ی بووە، بە هۆی نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکان لە سەلاسی باوەجانی لە کاتی گواستنەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری جوانڕۆ لە ناو ڕێگەدا گیانی لە دەست داوە.

نەبوونی کەرەستەی پزیشکی، لە شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات یەکێکی دیکە لەو گیر و گرفتانەیە کە هاووڵاتییانی کورد بەتایبەتی لە ناوچە دوور دەستەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەگەڵی بەرەوڕوون، زۆر جار لەگەڵ گیان لە دەست دانی هاووڵاتییان، لە هەموو تەمەنەکانی لێ دەکەوێتەوە.