کەمیی برنج لە دیواندەرە ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی لێکەوتەوە

21:32 - 20 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی چوونەسەرێی نرخی برنج لە شاری دیواندەرە و کەمیی ئەو مادە خۆراکییە لە بازاڕەکانی ئەو شارە دا ناڕەزایەتی بەرینی هاووڵاتییانی بە دواوە بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، داخرانی چەند فرۆشگەیەکی خواردەمەنی و کەمیی برنج لە شاری دیواندرە ناڕەزایەتیی بەرینی هاوولاتییان بەدواوە بوو و دواتر دەستێوەردانی هێزە ئیتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی لێکەوتەوە و بڵاوەیان بە خەڵک کرد.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە دا، چەند فرۆشگەیەکی شاری دیواندەرە دەرکەکەیان داخستووە و بەم هۆیەوە نرخی برنج رۆژ لە دوای رۆژ روو لە زیاد بوون دەکات.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، ماوەی چەند رۆژە هاووڵاتییان بۆ دابین کردنی برنج لە بەر دەرکەی فرۆشگە و دووکانەکان کۆ دەبنەوە بەڵام زۆربەی دووکانەکان ئامادەی فرۆشتنی ئەو مادە خۆراکییە بە هاووڵاتییان نین.

گرانیی برنج لە پارێزگای کوردستان لە ماوەی ١ مانگی رابردوودا رووی لە زیاد بوون کردووە و سەرەڕای ئیدیعای بەرپرسان لەمەڕ دابەزینی نرخی برنج، رۆژ لە دوای رۆژ نرخی لە زیاد بوون دایە.

بەهۆی چوونەسەرێی نرخی دراوە بیانییەکان بە تایبەتی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران لەماوەی حەفتەی رابردوودا، نرخی برنج لە هەر کیلۆیەک دا ٣٠٠ هەتا ٥٠٠ تمەن چوونەسەرێی بەخۆیەوە بینیوە.