کەمپەینی \"ئەمرۆ ورمێ دڵی کوردستانە\" دەستی بە چالاکی کرد

18:18 - 24 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: بەردەوامیی مانگرتنی زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێ، پشتیوانیی هاووڵاتییانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دوای خۆیدا هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە بیست و شەشەمین رۆژی مانگرتنی زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێدا، کەمپەینی \"ئەمڕۆ ورمێ دڵی کوردستانە \"ی بۆ پشتیوانی لە زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێ، دەستی بە چالاکی کرد.

یەکێک لە بەرێوەبەرانی ئەو کەمپەینە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە؛ مەبەست لە وەرێخستنی ئەو کەمپەینە، پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ‌یە، کە چوار کەسیشیان مانیان لە خواردنی وشک گرتووە.

\"23620.jpg\"
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرەی کەمپەینی \"ئەمڕۆ ورمێ دڵی کوردستانە\"، هاوپەیونەدی لە نێوان چالاکانی سیاسی، فەرهەنگی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ ئامانجێکی دیکەی کەمپەینەکەیە، هەتا لەو رێگەیەوە بتوانین دەنگی مانگرتوان بگەیەننە رای گشتی.

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان و ئێران، چەندین کەمپەینی فەیسبووکیان لەمەڕ رووداو و پێشهاتە، کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگییەکان وەڕێخستووە، کە کەمپەینی پشتیوانی لە ژنانی مەریوان و پشتیوانی لە شەهرام نازری، بەشیک لەو چالاکییانە بوون.

لە رۆژی ٢٩ی مانگی خەزەڵوەرەوە، ٢٧ زیندانیی سیاسی بەندی ١٢ی زیندانی ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، بە تێکەڵکرانیان لەگەڵ زیندانیانی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر، راگواستنیان بۆ بەندەکانی دیکە، هەڵسووکەتی نەشیاوی بەرپرسانی زیندان لەگەڵ کەسوکاریان و هەروەها نەبوونی خزمەتگوزاری و ئیمکانات لەو زیندانە، مانیان لە خواردن گرتووە.

هەتا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مافی مرۆڤ، کەسایەتییە سیاسییەکان و نووسەرانی کوردستان و ئێران پشتیوانییان لە داخوازیی مانگرتوانی زیندانی ورمێ کردووە و خوازیاری پێڕاگەیشتن بە دۆخی ئەو زیندانییە سیاسییانەدا بوون.