کەمپەینی \"یەکی بەفرانبار\" قۆناغێکی نوێی چالاکییەکانی دەست پێکرد

21:24 - 19 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: کەمپەینی \"یەکی بەفرانبار\" کە بە مەبەستی یەکخستنەوەی دێموکراتەکانی کوردستانی ئێران چالاکییەکانی دەست پێکردووە، چالاکییەکانی خۆی لە چەند بیاڤی دیکەدا بەرین‌تر کردۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا کەمپەنی یەکی بەفرانبار بە پێدانی خەڵاتێک لەژێر ناوی \"خەڵاتی نەتەوەیی\" و تایبەتیی ئەو کەمپەینە بە یەکێک لە چالاکانی سیاسیی ناسراوی کورد و ئەندامی خاوەن رابردووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێی نایە قۆناغێکی دیکە لە کار و چالاکییەکانی.

\"25870.jpg\"
کەمپەینی یەکی بەفرانبار بۆ یەکەمجار لەوحی رێزلێنانی ساڵانەی خۆی پێشکەش بە \"ئەحمەد شێربەگی\" چالاکی سیاسیی کورد کرد
بەرپرسی کەمپەین بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: \"لە دەستپێکی کاری کەمپەینی یەکی بەفرانبارەوە، ئەو کەمپەینە لەگەڵ ئەوەیکە بە مەبەستی پێکهێنانی یەکیەتی و یەکگرتوویی نێوان دێموکراتەکانی کوردستانی ئێران دامەزراوە، بەڵکوو کۆمەڵێک چالاکیی فەرهەنگی، سیاسی و مافی مرۆڤی لە درێژماوەدا خستۆتە لیستی چالاکییەکانییەوە.

بەڕێوەبەرانی کەمپەین لەو باوەڕەدان، کەشی ئەمنیەتی لە کوردستانی ئێران و بۆشایی چالاکیی فەرهەنگی، سیاسی و مافی مرۆڤی، هۆکاری دامەزرانی ئەو کەمپەینە بوون.

لەو پەیوەندییەدا کەمپەین رایدەگەیەنێت: کە کۆمەڵێک پەیوەندیی لەگەڵ رێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا دەست پێکردووە.

کەمپەینی یەکی بەفرانبار، چەند رۆژ پێش ئێستا و بەبێ بڵاوکردنەوەی ئاگاداری، بۆ یەکەمجار لەوحی رێزلێنانی ساڵانەی خۆی پێشکەش بە \"ئەحمەد شێربەگی\" چالاکی سیاسیی ناسراوی کورد کرد.

\"25873.jpg\"
دەنگی ئەحمەد شێربەگی، دەنگی خۆشەویست و جێگەی سەرنجی تێکڕای ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراته
ئەحمەد شێربەگی، یەکێک لە بێژەرانی ناسراوی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانی سەربە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو. دەنگی ئەو بێژەرەی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئیران، دەنگی خۆشەویست و جێگەی سەرنجی تێکڕای ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبە بوو.

ناسر باباخانی، گوتیشی، بەپێی راپرسییەک کە لەگەڵ زیاتر لە ٥٠ چالاکی سیاسی و فەرهەنگیدا کراوە، ئەحمەد شێربەگی بۆ پێدانی ئەو \"خەڵاتە نەتەوەییە\" دەستنیشان کراوە.

ئەو خەڵاتەی ئەمساڵ لە رۆژی ١٠ی خاکەلێوە ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد سەرکۆماری کوردستان و هاورێیانیدا، پێشکەش بە ئەحمەد شێربەگی کراوە.

١٠ی خاکەلێوە لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە وەکوو رۆژی شەهیدانی کوردستان دیاری کراوەو هەموو ساڵێک لەو رۆژەدا یادی دەکەنەوە، بەڵام نزیک بە ٨ ساڵە کە ئەو رۆژە بە شێوەی جیاجیا لەلایەن دێموکراتەکانی کوردستانی ئێرانەوە لە بنکەکانی خۆیاندا یادی دەکرێتەوە.

\"25872.jpg\"
ناسر باباخانی: بۆ یەکخستنەوەی دێموکراتەکانی کوردستانی ئێران لە هەوڵداین کە لەگەڵ رێکخراوی ئینترناسۆنال سوسیالیست پەیوەندی دروست بکەین و هەوڵێکی هاوبەش دەست پێ بکەین
باباخانی لە وڵامی پرسیاری کوردپادا لەمەڕ بڵاونەکردنەوەی هەواڵی پێشوەختی پێدانی ئەو خەڵاتەی کەمپەین، رایگەیاند: بەهۆی بێ ئەزموونی لەو جۆرە چالاکییانەدا و هەروەها رێکەوتنی بەڕێوەبەرانی کەمپەین لەسەر ئەوەیکە خەڵاتە وەکوو \"سوورپرایزێک\" پێشکەش بکرێت، پێشتر بە میدیایی نەکرایەوە.

بەرپرسی کەمپەین لە پەیوەندی لەگەڵ ئاستی چالاکییەکانیان لەمەڕ یەکخستنەوەو پەیوەندی لەگەڵ رێبەریی دێموکراتەکانی بە دڵخواز وەسف کرد و رایگەیاند: چالاکییەکانی کەمپەین لەو راستایەدا بەردەوام دەبێت.

باباخانی سەبارەت بە یەکخستنەوەی دێموکراتەکانی کوردستانی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: \"بۆ ئەو مەبەستە لە هەوڵداین کە لەگەڵ رێکخراوی ئینترناسیۆنال سوسیالیست پەیوەندی دروست بکەین و هەوڵێکی هاوبەش دەست پێ بکەین\".

\"25871.jpg\"
کەمپەینی یەکی بەفرانبار، نزیک بە ٤ مانگ پێش ئێستا بە ستراتژیی یەکخستنەوەی دێموکراتەکانی کوردستانی ئێران دەستی بە چالاکی کرد
کەمپەینی یەکی بەفرانبار، نزیک بە ٤ مانگ پێش ئێستا بە ستراتژیی یەکخستنەوەی دێموکراتەکانی کوردستانی ئێران دەستی بە چالاکی کرد. لەو راستایەدا کۆمەڵێک چالاکیی وەکوو وتوێژی لەگەڵ سیما ناسراو و کەسایەتییە سیاسییەکان بەتایبەت ئەندام و لایەنگرانی دێموکراتەکان ئەنجام داوە.

بەرپرسی کەمپەینی یەکی بەفرانبار سەبارەت بە گرژیی نوێی نێوان ئەندام و لایەنگرانی دێموکراتەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە جاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبێک لەلایەن مستەفا هیجری سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی \"نسکۆ و دابڕان\"دا و کاریگەرییەکانی لەسەر چالاکییەکانی کەمپەین و رەوتی ئاشتی و یەکخستنەوەی دێموکراتەکان، رایگەیاند: لە روانگەی کەمپەینەوە پرۆسەی ئاشتی و لێکنزیکبوونەوە هەتا حیزبێ دێموکراتی یەکگرتوو، نابێ بکەوێتە بەر کاریگەریی ئەو حاڵەتانە و ئەگەریش هەر جۆرە ئاشتبوونەوە و لێک‌نزیکبوونەوەیەک کە تووشی لاوازبوون و راوەستان بێت، ناتوانێ یەکبوونەوەیەکی سالم بەدوای خۆیدا بێنێت.