کەمتەرخەمیی پزیشکانی نورئاوای لوڕستان قوربانی لێ‏کەوتەوە

16:14 - 25 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: جارێکی دیکە ناشارەزایی و کەمتەرخەمی پزیشکان، بوو بە هۆی گیان‏لەدەستدانی کچێکی تەمەن ١٣ ساڵەی نورئاوای لوڕستان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کچێکی تەمەن ١٣ ساڵان بە ناوی شکۆفە فەتحی‏ئابادی کە تووشی نەخۆشیی ڕێخۆڵەکوێرە هاتبوو ، ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمە، لە لایەن بنەماڵەکەیەوە دەبرێتە نەخۆشخانەی نورئاوای لوڕستان و بە هۆی نەشارەزایی پزیشکانەوە بەشێک لە ڕیخۆڵەکانی ئەو کچە دەپسێندرێت.

پاش ئەوەی شکۆفە دەبرێتە ژووری نەشتەرگەری، دوکتورەکان بە هۆی کەمتەرخەمیەوە بەشێک لە ڕێخۆڵەکانی ئەو کچە دەبسێنن و بەو هۆیەوە باری تەندرووستیی ناوبراو ڕۆژ لە داوی ڕۆژ خراپتر دەبێت و بەپێی هەڵسەنگاندنی پزیشکی نەخۆشخانەی نورئاوا، بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان دەگوازرێتەوە.

شکۆفەی تەمەن ١٣ ساڵ دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە ئیمام ڕەزای کرماشان، جارێکی دیکە نەشتەرگەری بۆ دەکرێتەوە، بەڵام نەخۆشییەکەی چارەسەر نابێت و دوای دوو جار نەشتەرگەریی و ٢١ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە دواجار گیانی لەدەست دا.

ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوە، بنەماڵەی شکۆفە بۆ وەرگرتنی تەرمی کچەکەیان دەچنە نەخۆشخانە، بەڵام دوکتورەکان تەرمەکەیان پێ نادەنەوە و داوای ٤ میلیون و ٦٠٠هەزار تەمەن دەکەن و دواتر پێیان ڕادەگەیەنن کە ئەوە تێچووی گشتی نیە و دەبێ ٨٧ میلیۆن تەمەن بۆ وەرگرتنی تەرمەکە بدەنە نەخۆشخانە.