کەمتەرخەمیی فەرماندار و شارەوانیی مەریوان هاووڵاتییانی هێنایە سەر شەقام+فیلم

15:46 - 30 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی شاری مەریوان ناڕەزایەتییان بە قەرەباڵغ‌بوونی شارەکە بەهۆی هاتووچۆی ئەو ماشێنە بارهەڵگرانەی کەلە هەرێمی کوردستانەوە روو لە شاری مەریوان دەکەن و هەروەها کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەمەڕ دابین کردنی رێگەی تایبەت بۆ هاتووچۆی ئەو ماشینانە، دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارێی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕ ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شاری مەریوان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کەمتەرخەمیی شارەوانی و فەرمانداریی ئەو شارە لەمەڕ قەرەباڵغ بوونی ناوشار بەو ماشینە بارهەڵگرانەی لە خاڵی سنووریی باشماخەوە روو لە شاری مەریوان دەکەن، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێناو پێشیان بە ماشێنە بارهەڵگرەکان گرت.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان رایگەیاند، دانیشتوانی گەڕەکی (مەیدان بار)ی مەریوان هاتنە سەر شەقام و خوازیاری وڵامدانەوەی فەرماندار و چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لەلایەن ناوبراوەوە بوون، کە جێگری سیاسیی فەرماندار هاتە شوێنی کۆبوونەوەکە و پاش کاتژمێرێک مشتومڕ لەگەڵ هاووڵاتیان، بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتن.

هاوکات هێزە ئینتزامی و ئیتلاعاتییەکان هاتنە شوێنی ناڕەزایەتی‌یەکە و بە فیلم هەڵگرتن و هەڕەشەی دەستبەسەر کردن لە هاووڵاتییان، دەیانویست بڵاوە بەو ناڕەزایەتییە بکەن.

ناڕازییان رایانگەیاندووە، هەتا ئەو کاتەی فەرماندار (فەلاحەتی) ئەو کێشەیە چارەسەر نەکات، ئیزنی هاتووچۆ بەو ماشینانە نادەن و لەسەر پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و رێگری کردن لە هاتووچۆی ماشێنە بارهەڵگرەکان بەردەوام دەبن.

بە گوتەی ناڕازییان، ماوەی چەندین ساڵە ئەم ماشێنە بارهەڵگرانە، لە کاتێکدا هیچ خێر و بێرێکیان بۆ خەڵکی مەریوان نییە، بە نێو شەقامەکانی ناوشاردا تێپەڕ دەبن و بوونەتە هۆی مەترسیی گیانیی هاوولاتییان و هاوکات ئاسایش‌یان لە دانیشتوانی گەڕەکەکانی نزیک شەقامەکەش هەڵگرتووە، بۆیە پێویستە شارەوانی و فەرمانداری رێگەی تایبەتی بۆ هاتووچۆی ئەو ترانزیتانە دروست بکەن.

بەپێی ئامارەکان رۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ ماشێنی ترانزیتی، نەوتکێش و بارهەڵگر لە خاڵی سنووریی باشماخەوە هاتووچۆ دەکەن، کە نزیک بە تێکڕای ئەو ماشێنانە بە ناوشاری مەریواندا تێپەڕ دەبن.


\"20063.jpg\"

\"20062.jpg\"

\"20064.jpg\"