کەمتەرخەمیی بەرپرسانی قوتابخانە، گیان لەدەستدانی قوتابییەکی لێ کەوتەوە

13:37 - 17 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی داڕووخانی دیواری قوتابخانەی یەکێک لەگوندەکانی شاری سنە، قوتابییەکی پۆلی یەکەم گیانی لە دەست دا.

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەر، کچێکی قوتابی بە ناوی \"دنیا وەیسی\" پۆلی یەکەمی سەرەتایی، بە هۆی داڕمانی دیواری قوتابخانەی گوندی \"گەرماشی\" سەر بە شاری سنە، گیانی لە دەست دا.

بەڕێوەبەری پەروەردە و بارهێنانی ناوچەی ٢ی شاری سنە ڕایگەیاند: بە هۆی پرتووکاویی و لە ئاکامدا ڕووخانی دیواری قوتابخانەی گوندی گەرماش، یەکێک لە قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە بریندار بووە.

محەممەدسەعید کەنعانی هەروەها دەڵێت: پاش ڕەوانەکردنی ئەو کچە قوتابییە بۆ نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە، بە هۆی کاریگەریی برینەکانی، لەو نەخۆشخانەیە گیانی لە دەست داوە.

لەو پەیوەندییەدا، بەرپرسی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە ڕایگەیاند: ئەو قوتابخانەیە خاوەنی ١٣ کەس قوتابی و چەند پۆلێکی سەرەتایییە.

ڕەشید قوربانی هەروەها دەڵێت: ئێمە لە کۆبوونەوەکانماندا چەندین جار باسی ئەو بابەتەمان کردووە و هۆشدارمان داوە، کە قوتابخانەکانی پارێزگای سنە پرتووکاون، بەڵام لە لایەن بەرپرسانەوە ئەو بابەتە پشتگوێ خراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەرمانان، \"پەریا غوڵاموەیسی\" تەمەن ٥ ساڵ، لە کاتی یاریکردن لەگەڵ چەند منداڵێکی دیکە، دەرگای ناوەندی بێهداشتی شارەکی هیجرت بە سەریدا دەکەوێت و دەبێتە هۆی گیان لە دەستدانی.