کەمتر لە یەک حەوتوودا ١٠ کۆڵبەری کورد کوژراو و بریندار بوونه

13:39 - 9 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کەمتر لە یەک حەوتووی ڕابردوودا، ١٠ کۆڵبەری کورد، لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، تەقینەوەی مین و بەربوونەوە لە بەرزایی کوژراو و بریندار بوونه.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٩ی سەرماوەز، لە سنووری \"دڵاوان\"ـی شاری پیرانشار، کۆڵبەرێکی نەغەدەیی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە بە ناوی \"محەممەد عەباسی\" تەمەن ٣٠ ساڵە خەڵکی گوندی \"داێماوێ\"ـی شاری نەغەدە ڕاگەیاندراوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی ڕووی لە ناوچەی سنووریی شاری پیرانشار کردبوو، کە کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی سەرماوەز، هێزە نیزامییەکان حکوومەتی ژمارەیەک لە کۆڵبەرانیان لە سنووری \"کانی خوا\" له شاری پیرانشار دایە بەردەسڕێژ و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"فەرهاد بەیانەک\" خەڵکی گوندی \"ماشکان\" گیانی لە دەست دا.

هاوکات ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"هادی سەلیمی\"، تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی ئەحمەد، بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، جێگیر لە پایگای \"ماڵتە\"ـی شاری بانە، گیانی لە دەست دا.

کەمتر لە یەک حەوتوودا، ١٠ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان و بەربوونەوە لە بەرزایی کوژراو و بریندار بوونه.