کەش و هەوای نیزامیی لە کوردستان زاڵتر دەبێت

15:58 - 19 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: کەش وهەوای کوردستان بە ڕەوانە کردنی چەک و چۆڵی قورس لە لایەن ناوەندە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ ئەمنیەتیتر دەبێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی پووشپەڕ، هاووڵاتییانی کورد شایەتی ڕەوانە کردنی چەک و چۆڵی قورسی نیزامیی بۆ شارەکانی شنۆ، پیرانشار و سەردەشت بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە هەواڵنێریی کوردپای ڕاگەیاند: سپای پاسداران بۆ ئەمنیەتیی کردن کەش و هەوای کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەوڵی ڕەوانە کردنی چەک چۆڵی قورسی زیاتر بۆ شارەکانی کوردستان دەدات.

ئەو سەرچاوەیە هەورەها دەڵێت: ئەو چەک و چۆلە قورسانە کە بۆ شارەکانی کوردستان ڕەوانە کراوە لە جۆری تانک، تۆپ و کاتیۆشا بووە.

\"\"بە وتەی ئەو سەرچاوەیە: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێلی کوپتێر و فرۆکەی بێ فڕۆکەوان لە ئاسمانی شارەکانی شنۆ و پیرانشار بە بەردەوامی سووڕاونەتەوە.

بەرپرسانی سپای پاسدران ئامانج لە ڕەوانە کردنی چەک و چۆڵی قورس بۆ کوردستانیان بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ هێزە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاندووە.

چالاکانی سیاسی کوردستان بەڕەت کردنەوەی ئیدعای سپای پاسداران، ئەو جۆرە هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی پێشگیری لە ڕەوتی پەرەسەندن و کرانەوەی کەش و هەوای سیاسی لە کوردستان ڕادەگەیەنن.

لە کاتی هاتنە سەر کاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە هەتا ئێستا ڕوانگەی حکوومەت بە نیسبەت کوردستانەوە \"ئەمنیەتی\" بووە.

لینکی پەیوەندیدار:
نیزامیی گەری حکوومەتی ئێران لە کوردستان پەرەدەستێنێ