٧ کەس لە ئەندامانی هەیئەتی زانستیی زانکۆی زانستی پزیشکیی زانکۆی کرماشان دەرکران

11:31 - 19 پووشپەڕ 2722

شورای سێنفیی دانشکەدەی دەرمازسازیی کرماشان باسی لە دەرکردنی ٧ کەس لە ئەندامانی هەیئەتی زانستیی دانشکەدەی زانستی پزیشکیی زانکۆی کرماشان کرد.

هۆکاری دەرکرانی ئەو ٧ مامۆستای زانکۆیە "هەڵپەرکێی کوردیی تێکڵاوی خوێندکاران" لە ڕەوتی ڕێوڕەسمی دەرچووانی ژمارەیەک لە خوێندکارانی دانشکەدەی دەرمانسازی ڕاگەیەندراوە و دەرکرانی ئەوان لە سەر بڕیاری "سیاوەش وەزیری" جێگیری بارهێنانی زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان بووە.

لە ماوەی ڕابردوودا، گرتە ڤیدیۆیەک لە هەڵپەرکێی کوردیی تێکڵاوی خوێندکارانی زانکۆی زانستی پزیشکی لە جەژنی دەرچووانی ژمارەیەک لە خوێندکارانی دانشکەدەی دەرمانسازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووە کە دژکردەوەی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشانی بەدواوە بوو.

پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان ئەو کارە مەحکووم کردبوو و ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕێوڕەسمە بە بێ موڵەت ئەنجام دراوە.

لە دژکردەوەی ئەو ئیدعایەی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان، شوورای سێنفیی دانشکەدەی دەرمانسازیی کرماشان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک  ڕایگەیاندووە کە "موڵەتی پێویست لەلایەن هەر دوو جێگیری بارهێنان و فەرهەنگیی خوێندکاران دراوە و هەردوو جێگیرە ئاماژە بۆ کراوەکان خۆیان لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوونه".

لەو بەیاننامەیەدا، هاتووە: "ڕێوڕەسمەکە لە کاتژمێری ١٩ هەتا ٢٤ لە باغی تالاری ئارەزوو بە بەشداریی خوێندکاران و بنەماڵەکانیان لەگەڵ ١٢ کەس لە مامۆستایانی دانشکەدەی دەرمانسازی بەڕێوەچوو بوو. پاش تەواوبوونی ڕێوڕەسمەکە، مامۆستایان ڕێوڕەسمەکەیان بەجێهێشت و ڕێوڕەسمەکە ببوو بە ڕێوڕەسمێکی تایبەت و خوێندکاران بە ئامادەبوونی بنەماڵەکانیان، ماوەیەکی کەم دەستیان بە هەڵپەرکێی کوردی کردبوو و ئەو کەسانەش کە تێکڵاو هەڵدەپەرین لەگەڵ یەکتری ژیانی هاوبەشیان پێکهێنابوو و لەو ماوەیەدا، هیچ کەس لە بەڕێوەبەرانی زانکۆ ئامادە نەبوونه و ڕێوڕەسمەکە بە تەواوەتی تایبەتی بوو".

لە بەشیكی دیکەی بەیاننامەکەدا ڕوو لە سیاوەش وەزیری جێگیری بارهێنانی زانکۆدا، هاتووە "جێژنەکە لە ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردان بەڕێوە چووە، بەڵام ئێوە لە ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕ، دەستان بە درۆ و دەلەسەوێژی کردووە."