٣ کەس لە گیراوەکانی شاری نەغەدە بە دانانی بارمتە ئازاد کران

14:53 - 29 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: ٣ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری نەغەدە کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە ڕیکەوتی ٢٨ی رەشەمە ٣ کەس لە گیراوەکانی شاری نەغەدە بەناوەکانی \"شەهاب ئەحمەدیئازەر، کەیوان شێخی و قادر داستان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد بوون.

ئەو ٣ هاووڵاتیە کوردە رێکەوتی ١٤ی رەشەمە هاوڕێ لەگەڵ کامران عوسمانی، خەڵکی نەغەدە و رەحیم فتوحی خەڵکی گوندی \"کۆنەقەڵا\"ی سەربە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بەهۆیەکی ناروون دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ راگوێزرابوون.

لەلایەکی دیکەوە \"قاسم ئەحمەدی\" رۆژنامەنووسی کورد کە رێکەوتی ١٦ی رەشەممە هاوڕێ لەگەڵ خوسرەو کوردپوور دەستبەسەر کرابوو پاش ١٢ رۆژ راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعات، بە سپاردنی بارمتەیەکی ٥٠ میلیۆن تمەنی ئازادکرا.