١٨٤ کەس لە کرماشان بە هۆی ماددەی سڕکەر گیانیان لە دەست داوە

20:37 - 25 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: نزیکەی بە ١٩٠ کەس لە هاووڵاتییانی شاری کرماشان لە ساڵی ڕابردوودا، بە هۆی گیرۆدەبوون بە ماددەی سڕکەر لەو شارە گیانیان لە دست داوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە ساڵی ڕابردوودا (٩٥) ١٨٤ کەس لە گیرۆدەبوونیانی ماددەی سڕکەر لە شاری کرماشان بە هۆی بە کاربردنی ماددەی سڕکەر، گیانیان لە دەست داوە.

هەواڵدەریی\"ئیلنا\"ی کار لە زاری پارێزگاری کرماشان بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی ئاماری پزیشکی یاسایی ئێران، پارێزگای کرماشان لە دوو ساڵی ڕابردوودا، پلەی پێنجەمی لە بواری گیانی لە دەستدانی هاووڵاتییانی تووشبووی ماددەی سڕکەر هەبووە.

\"ئەسەدووڵڵا ڕازانی\"، لە کۆبوونەوەی شۆرای بەربەرەکانێ لەگەڵ ماددەی سڕکەر ڕایگەیاند: ساڵی ٩٤ لە کۆی ٣٠٠٣ کەس گیان لە دەستداوی گیرۆدەبووی ماددەی سڕکەر لە ئێران، ١٣٢ کەس لەو ڕێژەیە، هاووڵاتییانی شاری کرماشان بوونە.

بە وتەی پارێزگای کرماشان، لە ساڵی ٩٥ی هەتاوی، ژمارەی قوربانیانی گیرۆدەبووە بە ماددەی سڕکەر لە شاری کرماشان بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیووە و گەیشتووتەوە ١٨٤ کەس.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئەو ئامارانە بە نیسبەت حەشیمەتی پارێزگاوە هەڵسەنگێنن، بارودۆخەکە ناڵەبارتر بووە و تەنانەت ئەگەر ی ئەوە هەیە خراپترین پارێزگا لە ئاستی ئێران بیین.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە سڕکەرەکان، زیاتر لە یەک میلیۆن و ٤٠٠ هەزار تووشبوو لە ئێراندا بوونیان هەیە و ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئامارە نافەرمییەکان باس لەبوونی چوار میلیۆن تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا دەکەن.

هەروەها بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس بە شێوەی کاتی و بۆ ڕابواردن \"تفنن\" ماددەی سڕکەر بەکاردەهێنن.

مێژووی گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر لە ئێران، بۆ سەردەمی بنەماڵەی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە و بە شێوەی چاندنی تۆوی خەشخاش پەرەیان بە بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری \"تریاک\"وەرگرتووە.