٧ کەس لە هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بوونە قوربانی

16:10 - 26 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: گرووپێکی چەکدار، ماشینی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییان لە شاری بانە دایە بەر دەسڕێژ و لە ئاکامدا، ژمارەیەک لە هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کوژران و بریندار بوون.

شەوی پێنجشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، ماشینی هەڵگری هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە جاددەی \"بەردەبووک-بانە\" لە لایەن گرووپێکی چەکدارەوە درایە بەر دەسڕێژی گووللە و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا، چوار کەسیان کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

\"هەڵۆکانی زاگرۆس\"بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک بەرپرسایەتی ئەو هێرشیان گرتووەتە ئەستۆ و ڕایانگەیاندووە کە \"کەوسەری\" بەرپرسی هەنگی سنووری \"چۆمان\" و \"زڵێ\" یەکێک لە بریندار بووەکانی ئەو هێرشەیە.

محەممەد فەللاحی فەرمانداری شاری بانە ویڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە لەمبارەوە بە هەواڵدەریی تەسنیمی ڕاگەیاندووە کە تەنیا ٤ کەس بریندار بوون.

ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕیش، \"حوسێن شوانکارە\"، یەکێک لە مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران لە شاری پیرانشار لەلایەن \"هەڵۆکانی زاگرۆسەوە\" کوژرا.