کەسێک بە ناسنامەی ئامریکاییەوە لە ئاوەکانی بووشێهر دەستبەسەر کرا

14:58 - 5 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی هێزە دەریاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کەسێکی بیانی بە رەگەزنامەی ئامرییکاییان لە ئاوەکانی \"بووشێهر\"دا دەستبەسەر کرد.

هەواڵدەریی \"فارس\" لە زاری فەرماندەری هێزە دەریاییەکانی پارێزگای \"بوشێهر\"ەوە بڵاوی کردەوە، لە پارێزگای بوشێهر ٤ کەسی بیانی کە کەسێکیان خاوەن ٣ رەگەز نامەی ئێرانی، کوەیتی و ئامریکاییە، لە نزیک دورگەی \"خارک\" دەستبەسەر کراوە.

\"قەلەندەر لەشکری\" بەبێ ئاماژە کردن بە ناسنامەی ئەو کەسە رایگەیاندووە، رەگەزنامەکانی ئەو کەسە یاسایین و بۆ لێکۆڵینەوە و دروست کردنی دۆسیە رادەستی ناوەندە قەزاییەکان دەکرێت.

هاوکات لە دورگەی \"شیفت\" سە هاووڵاتیی دیکەی پاکستانی کە بە شێوەی نایاسایی سەرقاڵی راوە ماسی بوون دەستبەسەر و بۆ کەمپی چاوەدێری کردنی هاوولاتییانی بیانیی ئەو پاریزگایە راگوێزراون.

رێکەوتی ٢٧ی بەفرانبار تەلەفزیۆنی حکوومەتیی ئێران لە گرتەیەکی \"ڤیدیۆیی\"دا شوناسی کەسێکی بە ناوی \"والوک\" خەڵکی \"ئۆسلۆواکی\" ئاشكرا کرد کە بە سیخوڕی بۆ ئامریکا و ئەندامەتی لە رێکخراوی \"سیا\"دا تۆمەتبار کرابوو.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا کۆمەڵیک هاووڵاتیی بیانی لە ئاوەکانی باشووری ئێران کە سەرقاڵی راوە ماسی بوون، لەلایەن هێزە دەریاییەکانەوە دەستبەسەر کراون، بەڵام دەستبەسەر کردنی کەسێکی ئامریکایی زیاتر لایەنی مێدیای بەخۆیەوە دەگرێت و لەهەمان کاتدا وەبیر هێنەرەوەی ونبوونی \"رابرت لینسۆن\" فەرمانبەری پێشووی رێکخراوی \"FBI\" ئامریکایە.