کەسانی سەربە حکوومەت لە ناوچەی ورمێ مادەی هۆشبەر بڵاو دەکەنەوە

12:56 - 1 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: شایەتحاڵ و یەكێک لە دانیشتوانی ناوچەی تەرگەوەڕ ئاشكرای كرد، سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەهاوكاریی دەست و پێوەندییەکانی خۆی لەو ناوچەیە، سەرقاڵی بڵاو كردنەوەی مادەی هۆشبەر لە نێو لاوانی گوندەکانی ئەو ناوچەیەدان.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سپای پاسداران بە هاوکاریی چەند کەسێکی سەربە حکوومەت، ماوەی ٢ ساڵە لە گوندەكانی ناوچەی تەرگەوەڕ بە شێوەیەكی بەربڵاو دەستیان داوەتە بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان کە بەو هۆیەوە كۆمەڵێک لە لاوانی ئەو ناوچەیە تووشی مادە هۆشبەرەكان بوون و خەڵکی ئەو ناوچەیە راستبوونی ئەم هەواڵەیان پژڕاست کردۆتەوە.

ئەو شایەتحاڵە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: زیاتر لە ٢٠ کەسی سەربە حکوومەت کە سەرجەم تەمەنیان لە ژێر ٢٠ ساڵ دایە، لە گوندەکانی \"ئەنبێ، ماونە، شێبان، تەلو، خۆشە کۆ، سولک، تلەکە، گۆجار، دەربەند، تالون، شێخ شەمزین، هەڵەفەڵە، قەسرک، ئاودێ\" مادەی هۆشبەر لەنێو لاوانی ئەو گوندەدا بڵاو دەكەنەوە و لەو رێگایەوە رێژەیەکی بەرچاو لە لاوان تووشی ئەو دیاردەیە بوون\".

خەڵکی ئەو ناوچەیە لەو باوەڕەدان کە ئەو کەسانە بە ئاگاداریی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران مادەی هۆشبەر بڵاو دەکەنەوە و بۆیە هەتا ئیستا سەرەڕای بەداوادا چوونی هاووڵاتییان و تۆمار کردنی سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە، لایەنە پەیوەندیدارەکان هێچ وەڵامێکیان پێ نەداونەتەوە.

بەپێی ئوسۆڵ ناوی ئەو چەند كەسە لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپاوە پارێزراوە.

خەڵکی ئەو ناوچانە رایانگەیاندووە کە بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان لە نێو لاواندا بە شێوەی سیستماتیک لەلایەن دەزگا حکوومەتییەکانی ئیسلامیی ئێرانەوە بەڕێوە دەچێت.