کەرامەت شکێنیی حکوومەتی منداڵانی کاریشی گرتەوە

15:55 - 24 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: شارەوانیی پارێزگای کرماشان، بە هاوکاریی ڕێکخراوی بێهزیستی، سەری منداڵانی کاریان لەم شارە تاشیوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، لەم چەند ڕۆژەی دوایی‌دا، شارەوانیی شاری کرماشان، بە هاوکاریی هەندێ لە ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان لەم پارێزگایەدا، سەری منداڵانی کاریان تاشیوە.

ئەم منداڵانە کە بۆ بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان، لە سەر شەقامەکان دەستگێڕی دەکەن، لە ژێر ١٠ ساڵدا بووە.

یەکێ لەم منداڵانە کە لەسەر چوارڕێیانەکان، سەرقاڵی فرۆشتنی دەستماڵ کاغەزیی بوو، باسی لەوە کردووە کە؛ \"کاربەدەستانی یەکێ لە ڕێکخراوە حکوومەتییەکان هاتن و هەموو منداڵەکانیان کۆکردەوە و سەریان تاشین، بۆئەوەی چیدیکە لەسەر شەقامەکان دەست‌گێڕیی نەکەن.\"

بەپێی ئامارەکان، ڕێژەی منداڵی کار لە پارێزگای کرماشاندا، بە نزیک لە ١٠٠٠ کەس، خەمڵێندراوە.

لە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی‌دا، لە قوتابخانەی \"شێخ شەڵتووت\"ی شاری مەریوان، مامۆستایەکی ئەم قوتابخانەیە، بە نێوی \"محەممەد عەلی محەممەدیان \" بۆ دەربڕینی هاوخەمیی خۆی لەگەڵ قوتابییەکەی، کە نەخۆشینی شێرپەنجەی هەبوو، سەری خۆی تاشی.

ئەم مامۆستایە هۆکاری ئەم هەڵوێستەی خۆی لەپێوەندی لەگەڵ قوتابییەکەیدا، بەوە ڕاگەیاند کە؛ قوتابییەکەی بە هۆی وەرینی قژیەوە، لە لایەن هاوڕێکانییەوە سووکایەتی پێ کرابوو.

حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هەر شێوەیەک بۆ ڕووخاندی ورە و دروونی خەڵک کەڵک وەردەگرێت و ئێستاش ماوەیەکە کە منداڵانی کردۆتە ئامانجە ڕووخێنەرەکانی خۆی.