کەبوودوەند هەمیسان رەوانەی بێهداریی نێو زیندانی ئێوین کرا

16:47 - 20 جۆزەردان 2712
كوردپا: هەواڵدەریی هێرانا بڵاوی كردەوە، محەممەدسدیق كەبوودوەند چالاكی مافی مرۆڤ كە لە 12 رۆژ لەمەوبەرەوە دەستی داوەتە مانگرتن، بەهۆی خراپ بوونی باری تەندروستیی، برایە بێهداریی نێو زیندان و پێش بە پێوەندییە تەلەفۆنییەكانیشی گیراوە.

هەواڵدەریی هێرانا لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، محەممەدسدیق كەبوودوەند، چالاكی مافی مرۆڤی كورد و بەرپرسی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان كە لە رۆژی شەممە 8ی جۆزەردانەوە پاش دژایەتیی لێپرسراوانی زیندان لەگەڵ داخوازی مەرەخەسیی بۆ دیتنی كوڕە نەخۆشەكەی، دەستی داوەتە مانگرتن، بەهۆی ناجێگیر بوونی باری تەندروستیی بۆ جاری دووەم رەوانەی بێهداریی زیندانی ئێوین كرا.

بەپێی هەمان سەرچاوە، لێپرسراوانی زیندان و ناوەندە ئەمنیەتییەكانی لەباتی جێبەجێ‌ كردنی داخوازییەكانی ئەو زیندانییە سیاسییە، ماوەی چەند رۆژێكە پێشیان بە هەموو پێوەندییە تەلەفۆنییەكانی گرتووە.

پژمان كوڕی محەممەدسدیق كەبوودوەند، ماوەی چەند مانگێكە تووشی نەخۆشییەكی ناچارەسەر بووە و لە دۆخێكی پڕ مەترسیی دایە.

مەحەممەدسدیق كەبوودوەند یەك لەسەر سێی حوكمەكەی تێپەڕاندووە و بەپێی ئاییننامەی رێكخراوی زیندانەكانی ئێران و هەروەها ئەو رێوشوێنانەی كە دەزگای قەزایی بۆ ناوخۆیی زیندانەكان دایاندەڕێژێ‌، مافی خۆیەتی كەڵك لە مەرەخەسی وەربگرێت.

رێكەوتی 25 بانەمەڕ مەحەممەدسدیق كەبوودوەند بە ناڕەزایەتی بە دۆخی نالەباری خۆی و ئیزن نەدان بە مەرەخەسی بۆ دیتنی منداڵە نەخۆشەكەی، دەستی دایە مانگرتن كە دوای چوار رۆژ و لەسەر داوای لێپرسراوانی زیندان و دادستانی تاران كە رایانگەیاندبوو ئەگەر بێت و مانگرتنەكەی بشكێنێت، داخوازییەكانی جێبەجێ‌ دەكەن.

دواتر كەبوودوەند بۆ ماوەی یەك حەفتە بە شێوەی كاتی مانگرتنكەی شكاند و پاش جێبەجێ‌ نەكردنی بەڵێنییەكان، دیسان مانگرتنی دەست پێكردەوە.