کەبوودوەند هەتا ئیستا بۆ بەندی ٣٥٠ی ئێڤین نەگەڕێندراوەتەوە

15:13 - 13 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: محەمەد سدیق کەبوودوەند، کە رێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە بەندی ٣٥٠ی زیندانی ئڤین بە توندی درابوویە بەر لێدان هەتا ئێستا لەبێهداریی زینداندا ماوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا تێکڕای زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ئێڤین لە ژووری تاکە کەسییەوە بۆ بەندی ٣٥٠ی ئێڤین گەڕێندراونەتەوە، ماڵپەڕی جەڕەس بڵاوی کردۆتەوە محەمەد سدیق کەبوودوەند هەتا ئێستا لە بێهداریی زینداندا راگیراوە و بەرپرسانی زیندان پێیان راگەیاندووە بەهۆی هەبوونی ئاسەواری لێدان و رەشبوونەوەی ئەندامانی لەشی دەبێ لە بێهداری‌دا بمێنیتەوە.

سەرۆکی زیندانی کراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، یەکێک لەو زیندانیانە بوو کە رۆژی ٢٨ی خاکەلێوە لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان و مەئموورانی نێو زیندان بۆسەر زیندانیانی بەندی ٣٥٠ی ئێڤین بریندار کرابوو.

کەبوودوەند لە رۆژانی رابردوودا لە چاوپێکەوتنێکدا کە لەگەڵ هاوسەرەکەی بوویەتی رایگەیاندووە، \"لەگەڵ هاتنی مەئموورانی بازڕەسی ئاگادار کرامەوە کەسێک بەناوی قوبادی کاری پێتە و لەگەڵ ئەوەی لە ژوورەکەم چوومە دەرێ بە تونێلی باتۆم‌دا تێپەڕیم و داوایان لێکردم کە روو بکەمە دیوارەکە و لەکاتێکدا ویستم ناڕەزایەتی بە لێدانی دەستبەند و پاوەن دەرببڕم بەرەوڕووی لێدان و سووکایەتی بوومەوە و لە ئەنجامدا هەتا بێهۆش بووم لێیان دام\"

کوبوودوەند باسی لەوەش کردبوو، کاتێک هۆشم بەر خۆم هاتەوە ئۆکسیژنیان لە سەر زارم دانابوو، پاشان بردیانم بۆ نەخۆشخانە و پاشان قژە سەریان تاشیم و لەوێشەوە رەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ئێڤینیان کردم.

کەبوودوەند لە ئەنجامی لێدانی ئەو مەئموورانەدا سێ پەراسووی تووشی شکان و گورچیەکانیشی تووشی خوێنڕێژی هاتبوون و هاوکات دوو قامکی لاقی چەپی و ئەژنۆکانی و دەست و ئەنیشک و شانەکانیشی رەش و شین هەڵگەڕاون.

هاوسەری کەبوودوەند خوازیاری بەدواداچوون و سزادانی بڕیاردەران و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە بۆ سەر زیندانیانی سیاسیی بەندی ٣٥٠ی ئێڤین و یەک لەوان محەمەد سدیقی کەبوودوەند بووە.