کەبوودوەند جارێکی دیکە کاندیدی خەڵاتی ئاشتی \"نۆبێل\" کرا

15:59 - 14 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەندامانی کوردی حیزبی سوسیالیستی چەپی نوروێژ، جارێکی دیکە محەممەد سەدیق کەبوودوەندیان کاندیدی خەڵاتی ئاشتی نوبێل کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بۆ سێیەمین ساڵ کەبوودوەند چالاکی مافی مرۆڤ و بەرپرسی زیندانی کراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، لەوڵاتی نوروێژ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی نوبێل کاندیدا کرایەوە.

ئەو کاندید کردنە و ناساندنە لەلایەن ئەندامان و نوێنەرانی حیزبی سوسیالیستی چەپی پارڵمانی نوروێژوە کاری بۆ کراوە و دەگوترێت زیاترین هەوڵەکان لەلایەن \"کەریم ئەڵاوەیسی\"‌یەوە بووە.

خەڵاتی ئاشتی نوبێل یەکێک لەو شەش خەڵاتانەیە کە لەلایەن \" ئالفێرد نوبێل\" پیشەگەر و داهێنەری سوئێدییەوە دانراوە.

ئەو خەڵاتە بۆ یەکەمین جار لەساڵی ١٩٠١ بە کاندیدەکان دراو هەموو ساڵێک رێوڕەسمەکەی لە ئۆسلۆ پایتەختی وڵاتی نوروێژ بەڕێوە دەچێت.

محەممەد سەدیق کەبوودوەند، رۆژنامەنووس و سەرنووسەری حەفتەنامەی \"پیام مردم\" و دامەزرێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، مانگی پووشپەڕی ساڵی ٨٦ دەستبەسەر و دوای ماوەیەک زیندانی و دەستبەسەری، لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ١١ ساڵ زیندانی حوکم درا.

کەبوودوەند لەماوەی دەستبەسەریدا لە زیندان \"ئێڤین\"ی تاران دوو جار تووشی جەڵتەی دڵ و جارێکیش تووشی جەڵتەی مێشک هاتووە.